زانایانی بواری کەشناسی: هاوینی ئەمساڵ گەرمترین دەبێت لە مێژووی ئەوروپادا
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
زانایانی بواری کەشناسی پێشبینی دەکەن هاوینی ئەمساڵ ئەوروپا گەرمترین بێت لە مێژووی ئەو کیشوەرەدا. دەڵێن لە 11 ساڵی رابردوودا بەردەوام پلەی گەرمای ئەوروپا لە بەرزبوونەوەی زیاتردا بووە.
تامسین گرین، کەشناسی ئەوروپی دەڵێت، زۆر سەختە بتوانیت بە دڵنیایی پێشبینی پلەکانی گەرما و کەشوهەوا لە ئەوروپا بکەیت، ئەوەش لەبەر ئەو گۆڕانە زۆرەی بەسەر کەشوهەوای ئەو کیشوەردا دێت، بەڵام کاتێک سەیری 11 ساڵی رابردوو دەکرێتەوە، وا پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ گەرمترین هاوین دەبێت لە مێژووی ئەوروپادا.
ئەو کەشناسە باس لەوە دەکات، لە مانگی ئایاردا کەشوهەوای ئەوروپا وەک کەشوهەوای مانگی حوزەیران بووە. پێشبینیش دەکات لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا پلەکانی گەرما ریکۆردی بەرزترین لە مێژووی ئەوروپادا بشکێنن.
هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگەکانی رابردوودا پلەی گەرمای هەوا و پلەی گەرمای زەریاکان بەرزتربوون بەراورد بە هەمان کاتی ساڵەکانی رابردوو و بەردەوامیشن لە بەرزبووەنەوەی زیاتر.
گرین دەڵێت، "یەکێک لەو شتانەی زۆر گەورە و رەتنەکراوەیە و ناتوانین پشتگوێی بخەین ئەوەیە کە بەردەوام ریکۆردی نوێی گەرما دەشکێنین".
23 لەو 30 شەپۆلە گەرما بەهێزەی لە ئەوروپا تۆمارکراوە لە دوای ساڵی 2000ـەوە بووە و 5 دانەشیان تەنیا لە 3 ساڵی رابردوودا روویانداوە.
پلەی گەرما لە تەواوی جیهاندا 1.3 پلەی سلیزی زیادیکردووە، بەڵام پلەی گەرمای ئەوروپا 2.3 پلە زیادیکردووە، ئەمەش نزیکەی دوو هێندەی بەشەکانی دیکەی جیهانە.