تانکەکانی ئیسرائیل گەیشتنە ناوەندی شاری رەفەح

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناوەندی هەواڵی رۆیتەرز و ئەڵمانیا، رۆژی سێشەممە 28ی ئایاری 2024، لە زاری چەند هاوڵاتییەکی فەلەستینییەوە رایانگەیاندووە، "تانکەکانی ئیسرائیل چوونەتە ناوەندی شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە".

ئیسرائیل سەرەڕای نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان بەوەی کە قەیرانی مرۆیی روودەدات ئەگەر هێزەکانی ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر رەفەح، سێ هەفتە پێش ئێستا هێرشەکانی خۆی بۆ ئەم ناوچەیە لە سنووری میسر دەستپێکرد.

هاوکات ئیسپانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "فەلەستین وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ئەناسێت و نەرویج و تایلەند رایانگەیاندووە ئەوانیش فەلەستین وەک وەڵاتێک ئەناسن.

چەند شاهێدێکی نزیکی رووداوەکان بە رۆیتەرزیان وتووە، "تانکەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە نزیک مزگەوتی (العودە) لە ناوەندی شاری رەفەح".

سوپای ئیسرائیل هێشتا بە شێوەی فەرمی چوونە ناوەوەی هێزەکانیان بۆ ناوەندی رەفەحی پشتڕاست نەکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، "لە داهاتوودا زانیاری لەو بارەوە بڵاو ئەکەنەوە.
رۆیتەرز هەروەها لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە تانک و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شەو دووشەممە و بەرەبەیانی سێشەممە چەند شوێنێکیان لە رەفەح کردووەتە ئامانج، تا ئێستا لانیکەم 45 کەس بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر رەفەح کوژراون".

بەرپرسانی بەشی تەندروستی غەزە کە بەدەست حەماسەوەیە، دەڵێن، لە هێرشەکانی نیوەشەوی دووشەممەدا لانیکەم 16 هاوڵاتی فەلەستینی کوژراون.

شەوی یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەمپی ئاوارە فەلەستینییەکان لە رەفەح و بەو بۆنەوە لانیکەم 45 کەس کوژران کە 23 کەسیان ژن و مناڵبوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندنێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح دەربڕیوە، ئاماژەیان بەوە داوە لانیکەم یەک میلیۆن کەس لە رەفەح بە بۆنەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە ئاوارەبوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار