براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵ: مارک زوکەربێرگ و ئیڵۆن مەسک گەورەترین دیکتاتۆری جیهانن

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت، بەڕێوبەری گشتیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گەورەترین دیکتاتۆری سەردەمن.

دەڵێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆرێک کۆنترۆڵی مرۆڤیان کردووە، هەموو لە یەک دەچن.

ماریا رێسا، کە براوەی خەڵاتی نۆبڵە لە 2021 بۆ پارێزگاریکردن لە مافی رۆژنامەڤانان و بە نەتەوە فلیپینییە دەڵێت، سەرۆکی پێشووی فلیپین دیکتاتۆر بوو، "بەڵام دیکتاتۆرێکی زۆر بچوکتر بوو بەراورد مارک زوکەربێرگ و ئیڵۆن مەسک".

ماریا رێسا لە فێستیڤاڵێکدا لە هەرێمی پۆویسی بەریتانیا باسی لەوەکرد، ئیڵۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ ئەوەیان سەلماندووە، "بە چاوپۆشیکردن لە کلتور، زمان و جوگرافیا، شتەکانمان زیاتر لە یەک دەچن وەک لەوەی جیاواز بن، چونکە هەموومان بە یەک رێگە هەراسان و کۆنترۆڵ کراوین".

ماریا دەڵێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن هەستەکانمان بگۆڕن و لە دواتریشدا وامان لێدەکەن تێڕوانین و جیهان بینیمان بگۆڕێت و دواتریش کاردانەوەمان بگۆڕێت.

ماریا باس لەوە دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەموو وادەزانین ئازادین، بەڵام وا نین و هەست بە خۆمان ناکەین کە کۆنترۆڵکراوین. 

ئەو چالاکڤانە بەناوبانگەی فلیپین دەڵێت، ئامانجی سەرەکی تۆڕەکان دروستکردنی هەراو هۆسە و جیاوازی بیرکردنەوەیە لە ناو خەڵکدا.

دەڵێت، لە فلیپین دەوڵەمەند و هەژارەکان لە دژی یەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەدەکەن و لە ئەمریکاش پێست رەش و پێست سپییەکان.

دەڵێت، ئەو کۆمپانیای تۆڕە کۆمەڵایەتیانە وامان لێدەکەن رق لە ناوماندا بڵاوبێتەوە، ئەوەش وەک خۆراکێک بۆ بەردەوامبوونی تۆڕەکانی خۆیان لە کارکردن.

دەڵێت دەبێت بە دوو رێگە رێگە لەو کارەساتەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بگرین، یەکەم، پێویستە ئەمریکا ئەو یاسایە لابدات کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتبار ناکرێن لەسەر ئەو شتانەی بەکاربەرەکانیان بڵاویدەکەنەوە.

دووەم، داوا لە خەڵک نەهێڵن منداڵەکانیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربێنن، چونکە "ئالوودەکەرن".

ماریا ئاماژە بەوە دەکات، قەدەخەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا و ئیتاڵیا کارێکی باشە، بەڵام دەڵێت ئەوە تەنیا تیکتۆک نییە کە دەبێت لە خەمیدابین، بەڵکو تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار