زانیاری لەبارەی ئەو وێنەیەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە؛ بە زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
ئەو وێنەیەی ماوەی هەفتەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و کەمپی رەفەح لە غەززە نیشاندەدات، بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە. وێنەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە 45 ملیۆن جار لە تۆڕە جیا جیاکاندا بڵاوکراوەتەوە.
وێنەکە سەرەتا لە ئینستاگرام بڵاوەی کرد و لە دواتردا بەکاربەرێکی تیکتۆک لەسەر وێنەکە قسەیکرد و لە کەمتر لە 24 کاژێردا ئەویش 10 ملیۆن تەماشاکەری هەبووە. پاشان رۆژی دووشەممە وێنەکە لە تویتەر دانراوە تاوەکو ئێستا 8 ملیۆن کەس سەیریان کردووە و 188 هەزار کەس ریتویتیان کردووە.
وێنەکە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە و لەسەری نوسراوە، هەموو چاوەکان لەسەر رەفەحن، ئەوەش وەک هاوسۆزییەک بۆ خەڵکی رەفەح و ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان.
هەرچەندە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلەوە، لاپەڕەکانی پاڵپشتیکاری فەڵەستین بەردەوام بڵاوکراوەی زۆریان لەسەر فەڵەستین بڵاوکردووەتەوە، بەڵام لە دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر رەفەح کە 45 هاووڵاتی سیڤیل تێیدا کوژران، سەرنجی جیهان لەسەر رەفەح زیایکردووە.
سوپای ئیسرائیل هەر دوای رووداوەکە هاتە دەنگ و باسی لەوەکرد، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵای حەماس کراونەتە ئامانج و بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی بە هەڵەیەکی تراژیدی ناوبرد.
لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتەگرت.
دوای ئەو رووداوە، ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی دژی بزوتنەوەکە راگەیاند و تاوەکو ئێستاش جەنگەکەی بۆ سەر غەززە بەردەوامە. لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەڵەستین، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس کوژراون.