ئاژانسی پۆلیتیکۆ: بایدن بە نهێنی رێگەی بە ئۆکراینا داوە چەکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنێت

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

ئاژانسی پۆلیتیکۆ دەڵێت، لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە زانیویانە، جۆ بایدن بە نهێنی رێگەی بۆ ئۆکراینا کردووەتەوە چەکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن.

رۆژی پێنجشەممە 30-5-2024، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی پۆلیتیکۆی راگەیاندووە، "سەرۆک کەمێک لەمەوبەر تیمەکەی راسپاردووە رێگە بە ئۆکراینا بدەن چەکی ئەمریکا بۆ بە گژداچوونەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر شاری خارکیڤ، لە ناو رووسیاوە، بەکاربهێنن".

واتە ئۆکراینا بۆی هەیە لەو کاتەدا کە زانیاری هەیە لە ناو رووسیاوە، هێرشی مووشەکی یان ئاسمانی دەکرێتە سەر، لەکاتی روودانی هێرشەکەدا یان پێش روودانی، بە چەکی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر هێزەکانی رووسیا.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردووە، ئەمریکا هێشتا رێگەی نەداوە بە ئۆکراینا چەکەکانی بۆ هێرشی دوور مەودای قووڵی ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنرێت. واتە، ئۆکراینا دەتوانێت هێزەکانی رووسیا کە لە ناوچە سنوورییەکانی رووسیا جێگیرکراون بکاتە ئامانج.

دوای هێرشی دووبارەی سەرەتای ئەم مانگەی رووسیا بۆ سەر هەرێمی خارکیڤی ئۆکراینا، کیێڤ داوای لە ئەمریکا کرد ئەو گەمارۆیەی لەسەر هێرشەکانی داینابوو بە چەکی ئەمریکی بۆ ناو خاکی رووسیا لابدات.

رووسیا لە رابردوودا ئەوەی بە روونی بە وڵاتانی رۆژئاوا راگەیاندووە، بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر هێرشکردنەسەریان بە چەکی ئەو وڵاتانە ناکەن و وەڵامی زۆر توندیان دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار