کۆریای باکوور زیاتر لە 260 زەرفی پڕ لە زبڵ و پیسایی بە باڵۆندا بۆ کۆریای باشوور دەنێرێت

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

ئەوە دوو رۆژە کۆریای باکوور سەدان زەرفی زبڵی بە باڵۆندا بۆ کۆریای باشوور ناردووە. لە زەرفەکاندا هەموو جۆر پیساییەکی وەکو پارچەی جل، دایبی، پیسایی ئاژەڵ و پاشماوەی جگەرەی تێدایە.

رۆژی چوارشەممە 30-5-2024، کیم یۆ جونگ، خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور پشت راستیکردەوە، کە بە باڵۆندا پیسایی و زبڵیان بۆ کۆریای باشوور بە مەبەستی 'هەڕەشەکردن" و وەک وەڵامێک بۆ چالاکڤانەکانی ئەو وڵاتە ناردووە.

لە شەوی سێشەممەوە، لانیکەم 260 باڵۆن کە زەرفی زبڵیان پێوە لکاوە لە کۆریای باکوورەوە رەوانەی کۆریای باشوور کراون و لە شوێنی جیا جیای ئەو وڵاتەدا دۆزراونەتەوە.

کۆریای باشوور دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوەی لە زەرفە زبڵەکان کردووە و رایگەیاندووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە هیچ مادەیەکی زیانبەخشی کیمیایی، بایۆلۆجی یان تیشکدەرەوە لە نێو زەرفەکاندا نەبوون.

ئەمە جاری یەکەم نییە لە کۆریای باکوورەوە زەرفی زبڵ یان کەرەستەی دیکە بۆ دراوسێ هاونیشتمانەکەی بنێردرێت. لە 2016دا ژمارەیەک باڵۆن، کە زبڵ و سیدی پەستێنراو و پەڕەیان تێدابوو، بۆ کۆریای باشوور نێردران و لە کاتی بەربوونەوەیاندا زیانیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل گەیاند.

مێژووی ئەم کارە بۆ جەنگی نێوان هەردوو کۆریا دەگەڕێتەوە لە ساڵی 1950 بۆ 1953، کە وەک شەڕێکی دەروونی بەرامبەر یەکتر بەکاریان دەهێنا و زبڵ و نوسراوی هەراسانکەریان لە نێو زەرفدا بە باڵۆندا بۆ یەکدی دەنارد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار