پردێک لە کۆڵۆمبیا دەڕووخێت و بەهۆیەوە چوار کەس گیان لەدەست دەدەن
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
بەهۆی رۆچوونی پردێکەوە لە کۆڵۆمبیا دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک دەکەونە خوارەوە و چوار کەس گیان لەدەست دەدەن. هۆکاری داڕووخانی پردەکە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و بارانی زۆر دەگەڕێتەوە.
رۆژی هەینی 31-5-2024، جولیۆ ئۆلایا، سەرۆکی پۆلیسی شاری بارانکیلای کۆڵۆمبیا رایگەیاند، بەهۆی بارانی زۆرەوە پردێک داڕووخاوە و دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکی تێکەوتوون. لە رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 کەسی دیکەش برینداربوون.
حکومەتی کۆڵۆمبیا رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن دیاردەی ئەل نینۆ وابکات رووداوی زیاتری لەم جۆرە لە داهاتوودا رووبدەن، چونکە بارانی بەخوڕتر دەبارێت و زەوی تەڕتر دەبێت. بۆیە هۆشداری داوەتە هاووڵاتیان وریابن.
رووداوە سرووشتییەکان لە جیهاندا ژمارەیان روو لە زیادبوونە، هەفتەی رابردوو لە نیو گینی زەوییەک رۆچوو و لانیکەم 2000 کەسی ژێر زەوی کرد و تا ئێستا نزیکەی 700 کەس گیانیان لەدەستداوە.
رووداوی لافاوی بەهێز و تۆڕنادۆش بەشێک لە وڵاتانی جیهانی وەک ئەمریکا و ئەفغانستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە سەدان کەس لەمساڵدا گیانیان لەدەستداوە.