دوو وەزیری کابینەی حکومەتی ئیسرائیل هەڕەشە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دەکەن ئەگەر ناتانیاهو بە ئاگربەست رازی بێت
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
دوو وەزیری راستڕۆی ئیسرائیلی هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا قایل بێت، دەست لەکاردەکێشنەوە.
ئەمە دوای ئەوەی رۆژی هەینی جۆ بایدن پێشنیازی بۆ ئاگربەستێکی "تەواوەتی" کرد.
رۆژی یەکشەممە 6-2-2024، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایش و بیزالێل سمۆتریک، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەوان بە تەواوەتی دژی ئاگربەستن.
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش پێشتر ئەوەی راگەیاندبوو کە هێشتا ئامادەی ئاگربەست نین.
بیزالێل سمۆتریک لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاندووە، "ئەوەم بۆ [بنیامین ناتانیاهو] روونکردووەتەوە، کە نابم بە بەشێک لەو حکومەتەی بە پێشنیازی ئاگبەستەکە رازیبێت و پێش لەناوبردنی حەماس و گێڕانەوەی تەواوی بارمتەکان جەنگ رابگرێت".
هاوکات ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل پێشنیازەکەی بە "لەرزۆک" و "سەرکەوتنی تیرۆر" ناوبردووە و دەشڵێت، قایلبوون بەو ئاگربەستە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل.
ئیتامار کە سەرۆکی پارتێکی هاوپەیمانی ناتانیاهووە و بەیەکەوە حکومەتی ئێستای ئیسرائیلیان پێکهێناوە دەڵێت، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاگربەستەکە قایلبێت، پارتی ئۆتزما یەهوودی حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە.
لەم کاتەدا بنیامین ناتانیاهو لە ژێر گوشارێکی گەورەی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایە. هەرچی ئیسرائیلە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەشێکیان دەڵێن نابێت ئاگربەستەکە قبوڵ بکرێت و بەشێکیشیان بە پێچەوانەوە.
بزوتنەوەی حەماس هەرزوو رایگەیاند، پێشنیازەکەیان بە ئەرێنیانە لێکداوەتەوە و ئامادەی هەر گفتووگۆیەکن لەبارەی ئاگربەستی هەمیشەییەوە بکرێت.
رۆژی هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی سێ قۆناخیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 8 مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد.
قۆناخەکان بریتین لە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی بەندکراوە ئیسرائیلییەکان، دواتر گفتوگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ دڵنیابوون لە دروستنەبوونی پێکدادانی دیکە لە داهاتوودا و پاشانیش پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە.