دۆناڵد ترەمپ تیکتۆکی دانا؛ ئەو کاتەی سەرۆک بوو هەوڵیدا قەدەخەی بکات
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لاپەڕەیەکی تایبەت بە خۆی لە تیکتۆک داناوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا بوو کامپەینێکی فراوانی دژی تیکتۆک راگەیاند و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا.
لە یەکەم ڤیدیۆیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ لەگەڵ دانا وایت، سەرۆکی یو ئێف سی دا دەردەکەوێت.
لە ڤیدیۆکەدا وایت دەڵێت، "سەرۆک ئێستا لە تیکتۆکە"، پاشان ترەمپ دەڵێت، "جێگەی شانازیمە".
لاپەڕەکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تیکتۆک باجی فەرمیی لەسەرە و تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ڤیدیۆی تێدا بڵاوکراوەتەوە.
تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا 650 هەزار شوێنکەوتووی لە خۆی کۆکردووەتەوە و ڤیدیۆکەش کە بڵاویکردووەتەوە 6 ملیۆن جار بینراوە.
لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن، بەشداریکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تیکتۆک بۆ ئەوەیە پەیامی، تێڕوانینی " ئەمریکا یەکەمینە"ی ترەمپ بگەیێننە هەموو سووچێکی وڵاتەکە.
تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک لەلایەن 170 ملیۆن ئەمریکییەوە بەکاردەهێنرێت.
لە پێشوودا ترەمپ دژی بەکاربردنی تیکتکۆک بوو و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا.
دروستکردنی لاپەڕەی تیکتۆک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لەکاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن دادگەیەکی ئەمریکاوە تاوانبارکرا بەوەی، لەو کاتەدا ویستوویەتی کامپەینی بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، پارەی داوەتە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان تاوەکو پەیوەندیی نێوانیان بشارێتەوە.