چین کەشتییەکی ناردە سەر جەمسەری باشووری مانگ و بڕیارە 2 کگم خۆڵ و بەرد بگەڕێنێتەوە سەر زەوی
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، بە سەرکەوتوویی کەشتییەکی بێ سەرنشینیان گەیاندە سەر جەمسەری باشووری مانگ.
یەکەم جارە لە مێژوودا وڵاتێک بگاتە ئەو شوێنەی مانگ.
رۆژی شەممە 1-6-2024، کاژێر 11:23 خولەکی شەو (بەکاتی هەولێر)، ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، کەشتی چانگە 6 بە سەرکەوتوویی لەسەر رووی مانگ نیشتووەتەوە.
کەشتییەکە لە 3ی ئایاری ئەمساڵەوە نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان و درەنگانێکی دوێنێ شەو گەیشتووەتە سەر جەمسەری باشووری رووی مانگ.
ئامانجی کەشتییەکە وایە بەرد و خۆڵی سەر ئەو ناوچەیەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی.
بڕیارە کەشتییەکە 3 رۆژ لەسەر رووی مانگ بمێنێتەوە و نزیکەی 2 کیلۆگرام خۆڵ و بەرد لە رێگەی کونکەرێک و دەستێکی میکانیکییەوە کۆبکاتەوە.
ئەمە یەکەم جارە مرۆڤایەتی بەردی ئەو ناوچەیەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، پێش ئەوەی کەشتییەکە بنیشێتەوە، بە دەوری خولگەی مانگدا بۆ ماوەیەک خولاوەتەوە و چاوەڕێی نیشتنەوەی کردووە.
کەشتییەکەی سەر مانگ دوای ماوەیەک لە خولڕۆکە (ئۆربیتەر) جیابووەتەوە و بۆ بەرزایی نزیکەی 100 مەتر لە رووی مانگ نزیک بووەتەوە.
بە بەکارهێنانی لەیزەرێکی سێ رەهەندی پشکنینی بۆ بەرز و نزمی ناوچەی نیشتنەوەکە کردووە و شوێنێکی بۆ نیشتنەوەیەکی بێ ترس دیاریکردووە.
تەواوی کۆقۆناخەکە لەلایەن مانگی دەستکردی چینیی چوەیچیاوەوە چاودێریکراوە.
میدیای فەرمیی چین، نیشتنەوەی کەشتییەکەی لەسەر رووی مانگ بە "کاتێکی مێژوویی" پەسندکرد.
چین لە 10ساڵی رابردوودا هەوڵی جیددی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆگرامی بۆشایی ئاسمان داوە، ئەوەش بۆ رکابەریکردنی رووسیا و ئەمریکا لەو مەیدانەدا.
تاوەکو ئێستا بە سەرکەوتوویی توانیویەتی رۆبۆت بۆ سەر مانگ و مەریخ بنێرێت و ئامانجیشی وایە تا 2030 مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ و لەسەر مانگ بنکەیەک دروست بکات.