گەورەترین ئاگری ئەمساڵ لە دارستانەکانی کالیفۆرنیا کەوتەوە
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پاراستنی دارستان و ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا رایگەیاند، گەورەترین ئاگری ئەمساڵ لە دارستەنەکانی کالیفۆرنیا کەوتەوە کە، ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لەلایەن ناوەندی ئاگرکوژێنەوە، بە گەورەترین ئاگری ساڵ دادەنرێ و تاوەکوو ئێستا 57 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە دارستانەکان سووتاوە.
ئاگرکەوتنەوەکە ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامە سەراتایی دروستبوونی لە پارچە زەوییەکەوە بووە کە تاقیگەی نەتەوەیی لۆرێنس لیڤەرمۆر کاری تاقیکردنەوە و توێژینەوە زانستییەکانی تێدا دەکات و لە کاتی توێژینەوەیەکی تاقیگەکە ئاگرکەوتنەوەکە ڕوویداوە و تەشەنەی کردووە.
وەزارەتی پاراستن ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئاگرەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ڕوویداوە و لە شەممەوە تاوەکوو ئێستا تیمەکانیان توانیویانە %75ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی فراوانی ڕووبەری ئاگرەکە و مەترسییەکانییەوە هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.
کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی کالیفۆرنیاش لای خۆیانەوە دەڵێن، ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەمساڵدا گەورەترین ئاگرە کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما لە دارستانەکانی ویلایەتەکە دەکەوێتەوە و تاوەکوو ئێستاش دوو ئەندامی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە برینداربوون.
هەر بە گوێرەی هەواڵەکان، بەشێکی زۆر لە داری ناوچە شاخاوییەکانی نزیک کەنداوی سان فرانسیسکۆ بە تەواوی سووتاون کە بەهۆی سەختی شوێنەکان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەستیان پێی نەگەیشتووە.