سێ وڵاتی ئەوروپی بڕیارنامەیەکیان دژی ئێران ئامادە کردووە
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پێش نووسی بڕیارنامەیەکیان بۆ ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم ئامادە کردووە، دەربارەی کۆماری ئیسلامی کە هاوکاری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی نەکردووە.
رۆیتەرز لەم بارەوە نووسیویەتی، لە رەشنووسێکدا کە رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیران2024، خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی بڕیاردەران، جارێکیتر هاوشێوەی دوو ساڵ لەوە پێش داوا کراوە کۆماری ئیسلامی روونکردنەوە بدات لە سەر وردیلەی یۆرانیۆم کە لە سێ وێستگەی رانەگەیەندراو دەست کەوتووە.
لەم بڕیارنامەیەدا هەروەها ئاماژە بە هاوکاری نەکردنی کۆماری ئیسلامی دراوە لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم.
نۆرمەن لارێنس، هەواڵنێری واڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری دیپلۆماتێکی ئەورووپیەوە پێشکەشکردنی ئەم بڕیارنامەیەی پشتڕاستکردۆتەوە رۆیتەرز و واڵ ستریت جۆرناڵ، حەوتووی رابردوو باسیان لەوە کردبوو ئەمریکا پشتیوانی لە دەرکردنی بڕیارنامە نادات لە ئێستادا دژی ئێران بە پێی راپۆرتەکان، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، سێ وڵاتی ئەورووپی ئەندام لە کۆمیسیۆنی وڵاتانی 5+1 بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئەتۆمی ئێران ناسراو بە (بەرجام) حەوتووی رابردوو رەشنووی بڕیارنامەیەکیان دژی ئێران ئامادە کردووەو خستوویانەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم.
کۆبوونەوەی 5 رۆژەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی دووشەممە لە بنکەی سەرەکی ئەم ناوەندە لە ڤییەنا دەستی پێکرد و بڕیار وایە لەم کۆبوونەوانەدا بە شێوەی تایبەت قسە لەسەر پرسی ناوەکی ئێران بکرێت.
رافائێل گەرووسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، رۆژی دووشەممە لە دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەراندا وتی، سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو سەفەری کرد بۆ تاران، بەڵام بەوەشەوە ئێران سوورە لەسەر ئەوەی ئیزن نەدات پشکێنەرانی ئاژانس سەردانی وێستگە و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن رافائێل گەڕووسی باسی لەوە کرد، ئێران پەرەی بە پێتاندنی یۆرانیومی پیتێنراوی 60% داوەو لە کۆگاکانیدا زیاتری کردووە و زۆر زیاترە لەو ئاستەی کە 3 ساڵ لەوە پێش هەبوو و سەرەڕای بەڵێنەکانی هەر بەردەوامە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمی 60%.
بە گشتی لە 3ساڵی رابردوودا ئاژانس نەیتوانیوە زانیاری تەواوی دەربارەی چالاکییە ناوەکییەکان ئێران، سانتریفیوژەکان، رۆتۆرەکان، ئاوی قورس و ... دەست بکەوێت لە ناو وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێراندا.
دیپلۆماتە ئەورووپییەکان هەفتەی رابردوو بە واڵ ستریت جۆرناڵیان وتبوو، ئەگەر بڕیارنامەیەک دژی ئێران دەرنەکرێت لە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، شکۆ و پێگەی ئاژانس وەک ناوەندێکی چاودێر لە سەر چالاکییە ناوەکییەکان لاواز ئەبێت و دونیای رۆژئاوا توانای خۆی لە دەست ئەدات بۆ وەستانەوە دژی هەر هەڕەشەیەک لە لایەن ئێرانەوە.
ئەم دیپلۆماتانە باسیان لەوە کردووە، 3 وڵاتی ئەورووپی لەسەر ئەو باوەڕەن کەتی ئەوە هاتووە دژ بە سەرەڕۆییەکانی ئێران بوەستنەوەو بڕیاری جیدی بدرێت.
18 مانگ لەوە پێش، ئاژانسی بڕیاردەرانی وەزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسەند کرد و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد روونکردنەوە بدات لە سەر گەردیلەی یۆرانیۆم لەو وێستگە رانەگەیەندراوانەدا.