تورکیا دەیەوێت ببێتە ئەندامی رێکخراوی بریکس و رووسیا پێشوازی لێدەکات
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
تورکیا خواستی خۆی بۆ بوون بە ئەندام لە رێکخراوی بریکس نیشانداوە و رووسیاش پێشوازی لە بڕیارەکەی دەکات.
ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو هەنگاوانەی تورکیا کە وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەندامانی ناتۆی نیگەرانکردووە.
هاکانی فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە سەردانی پەکینی پایتەختی چینی کرد، بە رۆژنامەوانانی گوت، "تورکیا حەز دەکات ببێتە ئەندامی بریکس، بۆ حەز نەکات؟" سەردانەکەی فیدان لە دوای 2012ـەوە باڵاترین سەردانی تورکیایە لە رووی دیپلۆماسییەوە بۆ ئەو وڵاتە.
لە سەردانەکەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی پەکین کۆبووەوە.
دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێی کرێملن لەبارەی راگەیاندنی خواستی تورکیاوە بۆ بوون بە ئەندام لە بریکس رایگەیاند، رووسیا پێشوازی لە خواستی تورکیا دەکات بۆ بوون بە ئەندام لەو رێکخراوە ئابووری و دیپلۆماسییە.
گوتەبێژەکەی کرێملن گوتیشی، خواستێکی زۆر لەسەر بە ئەندامبوون لە بریکس هەیە.
بریکس رێکخراوێکی ئابووری و دیپلۆماسییە کە رووسیا، چین، بەرازیل، هیندستان، ئەفریقای باشوور، ئێران، سعودیە، ئەسیوبیا و میسر تێیدا ئەندامن.
بڕیارە هاکان فیدان بەشداری لە لوتکەی رێکخراوەکە بکات کە هەفتەی داهاتوو لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی روون نییە ئەنکەرە رێکارە یاساییەکان بۆ بە ئەندامبوون لە رێکخراوەکە دەگرێتە بەر یان نا، ئەویش چونکە یەکەم جارە خواستی بۆ بوون بە ئەندام لەو رێکخراوە نیشانبدات.
تورکیا ئەندامی رێکخراوی ناتۆیە و وا خۆی نیشاندەدات ئاڕاستە سیاسییەکەی رووەو رۆژئاوا بێت، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام رەخنەی ئەوەی لێدەگرن، لەسەر رێچکەی رۆژئاوا لایداوە.
تورکیا ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەندامێکی پابەندی ناتۆیە و رژدە لەسەر بە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا.