لە هۆتێلێکی پاریس پیاوێک لە کاتی دروستکردنی بۆمبێکی کۆکوژدا دەستگیرکرا

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

پۆلیسی فەرەنسا هاووڵاتییەکی رووسی-ئۆکراینییان لە هۆتێلێکی پاریسدا دەستگیرکرد کە سەرقاڵی دروستکردنی بۆمبێکی کۆکوژ بووە. ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوو مانگی داهاتوودا فەرەنسا پێشوازی لە ئۆڵۆمپیادی جیهان دەکات.

رۆژی چوارشەممە 5-6-2024، دەزگای دژە تیرۆری فەرەنسا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە کارمەندی هۆتێلێکی باکووری پاریسی فەرەنسا ئاگاداریکردوونەتەوە، یەکێک لە میوانانی هۆتێلەکە داوای دەرمان و برینپێچی لێکردوون بۆ سووتاوییەک کە بەهۆی مادەی تەقینەوەوە دروستبووە.

دوای ئەوە پۆلیسی فەرەنسا گەیشتوونەتە هۆتێلەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. کاتێک پشکنینیان بۆ ژوورەکەی کردووە، مادەی تەقینەوە و بابەتی دروستکردنی بۆمبی کۆکوژیان دۆزیوەتەوە.

بە گوێرەی دەزگای دژەتیرۆری فەرەنسا، گومانلێکراوەکە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیسدایە. ئەوەش راگەیێنراوە، دۆسیەیەکی پەیوەست بە تیرۆر و نانەوەی بۆمب بۆ گومانلێکراوەکە کراوەتەوە.

ئێستا فەرەنسا لەوپەڕی هۆشداریدایە لەبارەی هەوڵی کردەوەی تیرۆرستی و کۆکوژی، ئەوەش لەبەرئەوەی لە کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا ئۆڵمپیادی پاریس بەڕێوەدەچێت. لەو ئۆڵمپیادەدا چەندین نەتەوە و ئایدیۆلۆجیای جیاواز بەشدارن و شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و ئیسرائیل و حەماس مەترسیی هەوڵی نانەوەی پشێویان زیاترکردووە.

مانگی رابردوو پۆلیسی فەرەنسا دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی تەمەن 18 ساڵی بە رەچەڵەک چیچانییان راگەیاند، کە نیازی هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر یارییەکانی ئۆڵمپیادی پاریس هەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار