ڤلادمیر پووتین: زۆر روونە دادگەکانی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی ترەمپ بەکاردەهێنرێن
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
ڤلادمیر پووتین دەڵێت، لارییان لەوە نییە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، چونکە هەرکەس ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی رووسیا نابێت، بەڵام ئەوە روونە دادگەکانی ئەمریکا بۆ جەنگێکی سیاسی لە دژی دۆناڵد ترەمپ بەکاردەهێنرێن.
رۆژی چوارشەممە 5-6-2024، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسەی بۆ ژمارەیەک میدیای رۆژئاوا کرد و لەبارەی ئەمریکاوە گوتی، "ئەوان لە ناو خۆیاندا خەریکن خۆیان دەسووتێنن، دەوڵەت و سیستمە سیاسییەکەیان دەسووتێنن. ئەوە روونە لە سەرتاسەری جیهان کە لێکۆڵینەوەکانی سەر ترەمپ، بەتایبەت ئەو تۆمەتانەی کە لەسەر بنەمای هەندێک رووداو دەدرێنە پاڵی کە چەندین ساڵ پێش ئێستا روویانداوە، بەبێ بەڵگەی راستەوخۆ، بە سادەیی بەکارهێنانی سیستمی دادە لە جەنگێکی سیاسیدا [دژی ترەمپ]".
قسەکانی پووتین لەکاتێکدایە، ئەوە نزیکەی ساڵێکە چەند کەیسێکی جۆراوجۆر لەبارەی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی و پێدانی بەرتیل بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان و ژمارەیەک کەیسی هاوشێوە لە دادگەکانی ئەمریکا لە دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کراوەتەوە.
ترەمپ دەڵێت، پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدان نەهێڵن خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بەربژرێر بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پووتین دەڵێت، "زۆر بەسادەیی، ئێمە گوێی پێ نادەین" کێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەباتەوە. دەشڵێت، هەر سەرۆکێک هەڵبژێردرێت بۆ ئەوان جیاوازی نییە و دەتوانن کار لەگەڵ هەر سەرۆکێکدا بکەن کە ئەمریکییەکان هەڵیدەبژێرن.
پووتین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەو سیاسییەکی کۆنی پێشبینیکراوە. مەبەستی پووتین لەوەدایە، رووسیا دەزانێت هەنگاوەکانی بایدن لەبارەی رووداوەکانەوە پێش ئەوەی هەڵیانبێنێ چۆنن.
هەروەها لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئەمریکاوە کە دەدرێتە پاڵ رووسیا لەبارەی ئەوەی دەستی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەیە، پووتین دەڵێت، رووسیا دەست ناخاتە کارووباری ناوخۆی ئەمریکاوە.
ئەو لە قسەکانیدا لەبارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەڵێت، لە ماوەی سەرۆکایەتی پێشووی ترەمپدا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوەتی پچڕاوە. ئاماژە بەوەش دەکات، نازانن ئەگەر ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکانیان چۆن دەبێت، بەڵام جەختی لەوەکردەوە، ترەمپ و رووسیا هیچ پەیوەندییەکی تایبەتیان بەیەکەوە نییە.
پووتین لەبارەی دەستوەردانی ئەمریکاوە لە شەڕی ئۆکراینا دەڵێت، "هیچ کەس لە ئەمریکا ئۆکراینای بەلاوە گرنگ نییە، ئەوان تەنیا گەورەیی خۆیان بەلاوە گرنگە. ئەمریکا شەڕ بۆ خەڵکی ئۆکراینا ناکات، بەڵکو بۆ گەورەکردنی خۆی دەیکات".