ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: کەشوهەوای زەوی لەسەر شاڕێی دۆزەخە
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
12 مانگی رابردوو هەریەکیان گەرمترین مانگ بوون بەراورد بە هەمان کاتی ساڵەکانی پێشوو، ئەمە بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەڵێت، زەوی لەسەر شاڕێی دۆزەخە و دەبێت رێگە لە گەرمبوونی زیاتری بگیرێت.
ئاژانسی کۆپەرنیکەس بۆ زانیاری گۆڕانی کەشوهەوای سەر بە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، لە دوای 1940ـەوە کە دەست بە پێوانی پلەی گەرمی زەوی کراوە، 12 مانگی رابردوو ریکۆردی بەرزترین پلەکانی گەرمایان شکاندووە و لەو ساڵەدا پلەی گەرمای زەوی بە تێکڕا 1.6 پلەی سلیزی لە پێش کاتی شۆڕشی پیشەسازی بەرزتربووە.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە راپۆرتێکی جیادا باس لەوە دەکات، ئەگەری 80٪ هەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا، پلەی گەرمی زەوی بگاتە 1.5 پلەی سلیزی گەرمتر لە کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازی.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، نیگەرانە لەوەی جیهان رووەو چی ئاڕاستەیەکی مەترسیدار دەڕوات. دەڵێت، لە جیاتی ئەوەی پلەی کەشوهەوای زەوی سەقامگیرتر بێت، بەرەو گۆڕانی زیاتر دەڕوات.
گۆتێرێز دەڵێت، ئەگەری گەیشتن بەو ئاستە مەترسیدارەی گەرمی لە 2015ـدا 0٪ بوو، بۆیە داوا لە تەواوی جیهان دەکات تاوەکو ساڵی 2030 هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بدەن بە رێژەی 30٪.
سکرتێرەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "پێویستە لەسەر شاڕێی بەدۆزەخبوونی کەشوهەوا لابچین". دەشڵێت، ئەمە شەڕێکە ساڵەکانی 2020ـەکان بڕیاردەدەن دەیبەینەوە یان نا.
هەرچەندە لە 2015ـەدا رێکەوتنی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ بەرگەهەوا کرا، رێژەی ئەو گازە زیانبەخشە لە بەرگەهەوادا لە ساڵی 2023 بەرزترین بووە لە مێژوودا.
ئامانجی وڵاتان وایە، رێگە نەدەن پلەی گەرمای زەوی بگاتە 1.5 پلەی سلیزی گەرمتر لە کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازی؛ ساڵی رابردوو پلەی گەرمی زەوی 1.45 پلەی سلیزی گەرمتربوو لەو کاتە.