ژمارەیەک چەکدار لە سوودان هەڵدەکوتنە سەر گوندێک و 150 هاووڵاتی سڤیل لە یەک کاتدا دەکوژن
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
ژمارەیەک چەکدار لە سوودان کە گوایە سەر بە هێزی کاردانەوەی خێران هەڵیانکوتایە سەر گوندێکی وڵاتەکە و 150 کەسیان کوشتووە کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-6-2024، شایەدحاڵ بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، ژمارەیەک چەکداری هێزەکانی کاردانەوەی خێرای سوودان هێرشیان بۆ سەر گوندی نور لە ناوەڕاستی ویلایەتی جەزیرە کردووە.
بە گوێرەی شایەدحاڵەکان، نزیکەی 40 سەرباز بە چەکی ئۆتۆماتیک و نیمچە قورس هێرشیان بۆ سەر دانیشتووانی گوندەکە کردووە و هاووڵاتیانی سڤیلیان کردووەتە ئامانج کە بەشێکیان ژن و منداڵبوون.
لە هێرشەکەدا 150 کەس کوژراون و 200 کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی خەڵکی گوندەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 120 کوژراویان ناشتووە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک تەرمی هاووڵاتیانی سڤیل دەردەکەوێت کە هەموویان گوللەیان بەرکەوتووە و گیانیان لەدەستداوە.
هێزەکانی کاردانەوەی خێرای سوودان لەبارەی هێرشەکەوە رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر یەکەیەکی سوپای سوودان. ئەو دوو هێزە لە 15ی نیسانی 2023ـەوە شەڕی ناوخۆیان لە سوودان هەڵگیرساندووە و بەهۆی پێکدادانەکانیانەوە تاوەکو ئێستا 15 هەزار و 550 هاووڵاتی سڤیل کوژراون.