نارێندرا مۆدی بۆ جاری سێیەم لەسەر یەک بووەوە بە سەرۆکوەزیرانی هیندستان
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
نارێندرا مۆدی بۆ جاری سێیەم لەسەر یەک وەک سەرۆک وەزیرانی هیندستان دیاریکرایەوە، بەڵام ئەم جارە حکومەتەکەی بە هاوپەیمانی لەگەڵ چەند پارتێکی دیکە دروستکرد، ئەوەش چونکە زۆرینەی 50٪ کۆ یەکی پەرلەمانی وڵاتەکەی لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە 9-6-2024، نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ جاری سێیەم سوێندی یاسایی بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی هیندستان خواردەوە.
مۆدی دووەم سیاسەتڤانی هیندییە لە مێژوودا کە سێ جار لەسەر یەک لەسەر حوکمی هیندستان مابێتەوە.
دەستبەکاربوونەوەی ئەم جارەی مۆدی وەک جارەکانی پێشووی نەبوو کە تەنیا پارتەکەی خۆی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هیندستانیان بەدەستدەهێنا، بەڵکو لەگەڵ هاوپەیمانیی دیموکراسیی نیشتمانیدا کە لە 15 پارتی جیاواز پێکهاتبوون بووە هاوپەیمان.
هەریەک لە سەرۆکەکانی بەنگلادیش، ماڵدیڤ و سریلانکا بەشدارییان لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەوەی مۆدی کرد، بەڵام چین و پاکستان سەرکردەی باڵایان بۆ رێوڕەسمەکە نەناردبوو.
مۆدی لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، چەند رۆژی رابردوو زۆر سەرقاڵبووە، ئەویش لەبەر دروستکردنی حکومەتە نوێیەکەی.
هەموو 5 ساڵ جارێک لە هیندستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت، کە بە گەورەترین هەڵبژاردنی سەر زەوی دادەنرێت و نزیکەی 1 ملیار کەس بەشداری تێدا دەکەن.
لە ساڵی 2014ـەوە مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندستانە و تاوەکو ساڵی 2029 لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
کابینەکەی مۆدی 81 وەزیری تێدایە کە کارووباری 1 ملیار و 417 ملیۆن کەس بەڕێوەدەبەن.