ئیمانوێل ماکرۆن پەرلەمانی فەرەنسای هەڵوەشاندەوە و کۆتایی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و داوای هەڵبژاردنێکی پێشوەختە دەکات.

بڕیارە کتوپڕەکەی ماکرۆن دوای ئەوە هات، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا شکستێکی گەورەی بەرامبەر پارتی راستڕۆی وڵاتەکە هێنا.

رۆژی یەکشەممە 9-6-2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو، پارتی بزوتنەوەی نیشتمانیی راستڕۆی فەرەنسا بە سەرۆکایەتی مارین لوپین 31.5٪ی دەنگەکانی بردەوە، پارتی رێنیسانس بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن تەنیا 15.2٪ی دەنگەکانی بردەوە.

جۆردان باردێڵا، سەرۆکی پارتی نیشتمانی فەرەنسا لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە گوتارێکی ئاهەنگ ئامێزدا داوای لە ئیمانوێل ماکرۆن کرد پەرلەمانی وڵاتەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

باردێڵا گوتی، "ئەمە دۆڕانێکی گەورەیە بۆ حکومەتی ئێستا و نیشانەی کۆتاییهاتنی خولەکەیەتی، هەروەها رۆژی یەکەمی سەردەمی دوای ماکرۆن دیاری دەکات".

لە دوای گوتارەکەی سەرۆکی پارتی نیشتمانیی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و لە 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.

لە سیستمی حوکمڕانی فەرەنسادا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی جیاوازە.

پەرلەمان بە هیچ جۆرێک توانای لابردن و خستنەسەرکاری سەرۆکی وڵاتی نییە.

پەرلەمانی فەرەنسا لە 577 کورسی پێکدێت.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2022دا، پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن کە لەگەڵ ژمارەیەک پارتی دیکەدا لە هاوپەیمانییەکدا بەشداربوون بە ناوی ئینسێمبڵ، نەیانتوانی 50 کۆ یەکی دەنگەکان بەدەستبێنن، هەربۆیە هاوپەیمانییان لەگەڵ ژمارەیەک پارتی دیکەی چەپ و ناوەڕاست دروستکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار