دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاغدا گیرا

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان له‌ كارگۆی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی قاچاخدا گرتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان KMCA رایگەیاند، "تیمی بنکەی KMCA لە کارگۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەستیگرت بەسەر بڕێکی زۆر لە دەرمانی قاچاخ".

ئاماژە بەوەشکرابوو، "دەرمانە دەستبەسەرداگیراوەکان هۆڕمۆنیی بوون، قاچاخچییەکان لەناو کارتۆنی بەرهەمی جوانکاریدا شاردبوویانەوە بۆئەوەی فێڵ لە تیمەکانی پشکنینی فڕۆکەخانە بکەن تاوەکو رێگەیانپێبدرێت کە دەرمانەکان لە فڕۆکەخانە ببەنە دەرەوە، بەڵام تیمی KMCA لە کارگۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئەزموون و شارەزایی خۆیان، پاکەتی بەرهەمەکانیان پشکنی، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە بەرهەمەکان دەرمانی هۆڕمۆنین، دەستیانبەسەرداگرتن".

بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاوڵاتییان دەکات، تەنها دەرمانی بە ستیکەر بکڕن و خۆتانبەدووربگرن لە دەرمانی بێ ستیکەر و نایاسایی، چونکە دەرمانە نایاساییەکان بە رێگە و رێکاریی زۆر مەترسیدار هاوردەدەکرێن کە تەندروستیتان دەخەنە مەترسییەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار