سبەینێ ڤلادیمێر پوتن سەردانی کۆریای باکوور دەکات

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا به‌ سه‌ردانێكی دوو ڕۆژه‌ بگاته‌ كۆریای باكوور، كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی ناوبراوه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ماوه‌ی 24 ساڵی رابردوودا.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هه‌واڵی ناوه‌ندی كۆریای باكوور رایگەیاند،‌ كه‌ رۆژانی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا له‌سه‌ر بانگهێشتی كیم جۆنگ ئون سه‌ردانی وڵاته‌كه‌ ده‌كات، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ورده‌كاریی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ بخه‌نه‌ڕوو.

جێگای ئاماژەیە سەبارەت بە سەردانەکە روسیاش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا سه‌ردانه‌كه‌ی پوتنی پشتڕاستكرده‌وه‌.

ئەم سەردانەی پوتن بۆ کۆریای باکوور له‌ كاتێكدایه، ‌ كه‌ نیگه‌رانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ زیادبووندان سه‌باره‌ت به‌ ڕێكه‌وتنی چه‌ك كه‌ تیایدا پیۆنگ یانگ ته‌قه‌مه‌نی زۆر پێویست ده‌دات به‌ مۆسكۆ بۆ شه‌ڕ له‌ دژی ئۆكرانیا له‌ به‌رامبه‌ر هاوكاری ئابووری و گواستنه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا كه‌ مه‌ترسییه‌كانی چه‌كی ئه‌تۆمی و به‌رنامه‌ی مووشه‌كی كیم زیاتر ده‌كات.

هاوكارییه‌ سه‌ربازی و ئابووری و هاوكارییه‌كانی دیكه‌ی نێوان كۆریای باكوور و روسیا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌ له‌و كاته‌وه‌ی كیم له‌ مانگی نۆی ڕابردوودا سه‌ردانی رۆژهه‌ڵاتی دووری روسیای كرد و له‌گه‌ڵ پوتن كۆبووه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یان بوو له‌ ساڵی 2019ه‌وه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌میانی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون رێبه‌ری كۆریای باكور كۆببێته‌وه‌ و له‌ گفتووگۆكانیاندا تیشك بخرێته‌ سه‌ر فراوانكردنی هاریكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ كاتێكدا كه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا قووڵتر ده‌كاته‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار