بەکر عەلی، زۆرینەی سەرنشینەکانی بەلەمە تێکشکاوەکە کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەلەمێکی کۆچبەران بە 61 سەرنشینەوە لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکا، زۆرینەی سەرنشینەکان کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن.

 ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، یەختێک بە 61 سەرنشینەوە لە بۆدروومی تورکیا بەڕێکەوتووە و درەنگی شەوی رابردوو بەهۆی بەرزیی شەپۆلی دەریاوە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاوە."

ئەوەشی خستەڕوو، 61 سەرنشین لەنێو یەختەکەدا بوون و لەو ژمارەیە 12 کەس لەلایەن پۆلیسی دەریاوانیی ئیتاڵیاوە رزگارکراون.

باسی لەوەشکرد، دوای چەند کاژێرێک یەکێک لە رزگاربووەکان گیانی لەدەستدا و 11 کەسەکەی دیکە لە نەخۆشخانەی رۆسێلا لۆنیکای ئیتاڵیا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان."

 بەکر عەلی ئاماژەی بەوەشدا، 49 سەرنشینەکەی دیکە بێسەروشوێنن و تاوەکو ئێستاش پۆلیسی دەریاوانیی ئیتاڵیا بەدوایاندا دەگەڕێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانه ئەوروپا، لەبارەی ناسنامەی سەرنشینەکانی ئەو بەلەمەوە دەڵێت،زۆربەی سەرنشینەکان کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن و ژمارەیەکی کەم خەڵکی ئەفغانستانیشیان لەگەڵدا بووە.

بەگوتەی بەرپرسانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ و دوێنی دوو بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاون، بەهۆیەوە 10 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 60 کۆچبەریش بێسەروشوێنن، هەروەها زیاتر لە 60 کۆچبەر رزگار کراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار