بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن: ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر حیزبوڵا ئێران دەستێوەردان دەکات

3 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جەنەراڵێکی پلە باڵای ئەمریکا رایدەگەیێنیت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان مەترسی دروستبوونی جەنگێکی فراوانتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێوان ئێران و میلیشیاکانی دروستدەکات، بەتایبەت ئەگەر بوونی حیزبوڵا لە لوبنان دەکەوێتە مەترسییەوە.

رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، سی کیو براون، جەنەراڵی هێزی ئاسمانی ئەمریکا گوتوویەتی، نازانێت هەنگاوەکانی داهاتووی ئیسرائیل بە ئاڕاستەی لوبنان چییە، بەڵام هۆشداری دەدات هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان "دەکرێت جەنگەکە بۆ رووبەرێکی گەورەتر فراوانبکات".

براون دەڵێت، بەشێوەیەکی گشتی حیزبوڵا لە حەماس بەهێزترە بەتایبەت لە ژمارەی مووشەک؛ دەشڵێت ئەو وای دەبینێت ئێران خواستی هاوکاریکردنی حیزبوڵای زیاتر بێت بەراورد بە حەماس.

ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە باس لەوە دەکات، لەو کاتەدا ئیسرائیل دەکەوێتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە و دەبێت لە خەمی ئەوەدابێت لە یەک کاتدا لە باکوور و باشووری وڵاتەکەوە بەرگری بکات، هەروەها شەڕەکە پریشک بۆ رووبەرێکی فراوانتری ناوچەکە دەهاوێت.

قسەکانی جەنەراڵە ئەمریکییەکە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 23-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، قۆناخی شەڕی سەخت لە غەززە کۆتاییهاتووە و ئەمەش رێگەیان بۆ خۆشدەکات هێزی زیاتر ببەنە سنووری لوبنان.

لە سەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، حیزبوڵا دەستی بە مووشەکباران کردنی ئیسرائیل کردووە و رایگەیاندووە، هێرشەکان راناگرێت تاوەکو ئاگربەست لە غەززە نەکرێت.

براون لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئەم جارە ئەمریکا توانای کەمتر دەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل لە هێرشەکانی حیزبوڵا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار