بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە، ئابووری ئێران زیانی یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلاری پێگەیشتووە

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی 2011 بۆ 2023 و لە ماوەی 12 ساڵدا، بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری ئێران گەیشتووە.

رۆژی دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024، حسێن سەلاح وەرزی، بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران لە بابەتێکدا کە لە رۆژنامەی شەرق بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی، "گەمارۆکان زیانی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووەو زۆر هەلی ئابووری بە هۆی گەمارۆکانەوە لەدەستچوون".

ئەم وتانەی بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران لە کاتێکدایە کە چوار رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و بە ئەگەری زۆر ئەگەر یەکێک لە پاڵێوراوەکانی سەر بە کۆنسێرڤاتەکان براوەبن، گەمارۆ ئابوورییەکان لە سەر ئێران تووندتر دەبێتەوە.

لە شەش پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری تەنها مەسعود پزیشکیان لەلایەن باڵی رێفۆرمخوازەوە پشتیوانی دەکرێت، بەڵام پزیشکیانیش رایگەیاندووە، "جێبەجێکاری سیاسەتە گشتییەکانی دەسەڵات دەبێت کە لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییەوە دیاری دەکرێت".

بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانی رایگەیاند، "بەراورد ئەکرێت، داهاتی لەدەستچووی هەر هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لە ماوەی ئەو 12 ساڵەدا، نزیک 14 هەزار دۆلار بێت. بە مانایەکیتر بەپێی ئەم بەراوردکارییە، لە ماوەی ئەم 12 ساڵەدا، هەر تاکێکی ئێرانی هەزار و 202 دۆلاری بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە لەدەستداوە".

سەلاح وەرزی وتی، "ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە بە ناچار کەمبووەتەوە، زیانی گەورەی بە پیشەسازی نەوتی ئێران و ئابووری ئێران گەیاندووە".

بەهۆی سیاسەتەکانی ئێرانەوە لە چەند ساڵی رابردووداو بەتایبەت سووربووی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواییەوە گەمارۆی ئابووری خراوەتە سەر ئێران و زیانی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووەو بەهای تمەن رۆژ لە دوای رۆژ روو لە دابەزینە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار