لە 20%ی دەنگدەرانی ئەمریکا یەکلانەبوونەتەوە لە دەنگدان؛ دوای دیبەیتەکە دەڵێن دەنگ بۆ ترەمپ دەدەن

5 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن 
هاوڵاتی، سلێمانی 
 
بەشێکی زۆر لەو دەنگدەرانەی ئەمریکا کە نەیاندەتوانی یەکلابنەوە دەنگ بە جۆ بایدن یان دۆناڵد ترەمپ دەدەن دەڵێن، بە دڵنیاییەوە دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن. ئەوەش دوای دیبەیتەکەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان ئەو دوو بەربژێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە 67٪ی ئەمریکییەکان لایان وایە ترەمپ بردوویەتییەوە. 

ئاژانسی رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەندێک لە دەنگدەرانی ئەمریکا کردووە کە نیازیان وابووە دوای دیبەیتەکە خۆیان یەکلاییکەنەوە. 76٪ی ئەو دەنگدەرانە باسیان لەوەکردووە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە تەمەنی 81 ساڵە لە دیبەیتەکەدا "لاواز و شەرمەزارکەر بووە و سەخت بووە تەماشای بکەن". 

جینا گانۆن، ژنێکی تەمەن 65 ساڵی دانیشتووی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکایە، لە 2020دا دەنگی بۆ جۆ بایدن داوە و دەڵێت، "جۆ بایدن زۆر لاواز دەرکەوتووە و هەر لە سەرەتاوە شڵەژاوە. نیگەرانی من ئەوەیە دوژمنە جیهانییەکانمان جۆ بایدن بەم جۆرە ببینن". دواتر دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە دەنگ بۆ دۆناڵد ترەمپ دەدەم". 

هەرچەندە لە پێشووتردا دیبەیتی سەرۆکایەتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەنگدانی سەرۆکایەتی ئەمریکا نەبووە، بەڵام ئەم جارە بایدن و ترەمپ رێژەی دەنگەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکە و پێویستیان بەوەیە بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا پشت بەو دانیشتووانە ببەستن کە خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە. 
 
لە دیبەیتەکەدا بایدن بە بەرچاوی جیهانەوە قسەی زۆری هەڵە دەکرد و دۆناڵد ترەمپیش زۆر هێرشی کردە سەری لەسەر ئەو هەڵە قسەکردنانە. لە شوێنێکدا کاتێک پێشکەشکاری دیبەیتەکە داوا لە ترەمپ دەکات وەڵامی بایدن بداتەوە، ترەمپ دەڵێت، "تێنەگەیشتم گوتی چی لە قسەکەی کۆتاییدا، پێم وانییە خۆشی تێگەیشتبێت چی گوتووە". ئەوەش دوای ئەوەی بایدن قسەکانی بیرچووەوە و نەیزانی باسی چی دەکات. 
 
20٪ی دەنگدەرانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە کام بەربژێری سەرۆکایەتی دەدەن. ئەوەی جۆ بایدنی زیاتر لاوازکردووە تەمەنەکەیەتی. 
 
لە شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، جۆ بایدن بەهۆی دووچاری لەبیرچوونەوەی بیرەوەرییەکانی بووە. 
 
گۆڤاری سی ئێن ئێنی ئەمریکا راپرسییەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، پێش دیبەیتەکە 55٪ پێیان وابووە ترەمپ باشتر دەبێت و 45٪ پێیان وابووە بایدن باشتر دەبێت. بەڵام دوای دیبەیتەکە 67٪ پێیان وابووە ترەمپ باشتر بوو و 33٪ لایان وابووە بایدن باشتربووە. 
 
هەر بە گوێرەی سی ئێن ئێن، 48٪ی ئەوانەی بینەری دیبەیتەکە بوون دەنگ بۆ ترەمپ دەدەن و 40٪یان دەنگ بۆ بایدن دەدەن، 2٪یان نازانن دەنگ بۆ کامیان دەدەن و 11٪ دەڵێن نایانەوێ دەنگ بە هیچیان بدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار