ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆیەکی بەریتانیا بە ژیریی دەستکرد وەڵامی تاقیکردنەوەکەیان دەدەنەوە و لە باشترین خوێندکارەکان نمرەی بەرزتر دێنن

5 مانگ لەمەوپێش



 

هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

ژمارەیەک خوێندکار لە زانکۆی ریدینگ لە بەریتانیا بە ژیریی دەستکرد وەڵامی تاقیکردنەوەکەیان بۆ مامۆستا دەنێرن. هەرچەندە زۆر بە وردی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیان کراوە، بەڵام نەیانزانیوە ژیریی دەستکردە و لە خوێندکارەکانی دیکە باشتر وەڵامیان داوەتەوە.

ئەو خوێندکارانە کارەکەیان وەک لێکۆڵینەوە کردووە لە تاقیکردنەوەیەکی ئۆنڵاین. ویستویانە بزانن ئایا مرۆڤ لە توانایدا هەیە وەڵامی ژیریی دەستکرد لە وەڵامەکانی دیکە جیابکاتەوە. وەڵامەکان بە چات جی پی تی 4 ئامادەکراون.

ئەو پرۆفیسۆرانەی بە وەڵامەکاندا چوونەتەوە، توانیویانە لەو 33 وەڵامەی بۆیان چووە، تەنیا یەک دانەیان جیابکەنەوە و 32 وەڵامەکەی دیکە لە خوێندکارە ئاساییەکان نمرەی زیاتریان هێناوە.

ئەنجامدەرانی تاقیکردنەوەکە دەڵێن، دۆزینەوەکەیان ئەوە دەردەخات، ئێستا ژیریی دەستکرد دەتوانێت پێداچوونەوەی "تورینگ" بەلاڕێدا ببات. ئەو پێداچوونەوەیە لەلایەن کەسانی زۆر شارەزا و پڕ ئەزموونەوە دەکرێت.

باس لەوەش دەکەن، دوای ئەم لێکۆڵینەوەیە دەبێت وریایانەتر بە پێشنیازی خوێندکاراندا بۆ وەرگیرانیان لە زانکۆکان بچنەوە. دەشڵێن، ئاگادار نەبین ژیریی دەستکرد دادوەری نێوان خوێندکاران لە سیستمی خوێندندا دەشێوێنێت.

ئێستا لە زۆربەی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان تاقیکردنەوەی ئۆنڵاین لە رێگەی ناردنی وەڵامەکان بۆ پرۆفێسۆرەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێت. لێکۆڵەرەکان دەڵێن، مەرج نییە بگەڕێینەوە سەر وەڵامدانەوەی دەستنووس، بەڵام دەبێت سیستمی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیش بتوانن لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە زۆرەی ژیریی دەستکرددا خۆیان بگونجێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار