ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت؛ پارتەکەی ماکرۆن سێیەمە

هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا چۆن کاردەکات؟ کێ دەیباتەوە؟ گۆڕانکارییەکانی دوای هەڵبژاردن چی دەبن؟

2 ڕۆژ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

ئەمڕۆ دەنگدەرانی فەرەنسا روویان لە بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی وڵاتەکە کرد. بە گوێرەی راپرسییەکان پارتە راستڕۆکان پێشەنگن و لەم هەڵبژاردنەدا حکومەتی فەرەنسا دەگۆڕدرێت.

لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە فەرەنسا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی پارتی راستڕۆکانی فەرەنسا بردنەوەیەکی لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا تۆمارکرد.

ئەگەر پارتی راستڕۆکان بیبەنەوە، ئەمە جاری یەکەم دەبێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دەسەڵاتی راستڕۆ فەرەنسا بەڕێوەببات.

بنکەکانی دەنگدان کاتژمێر 7ی بەیانی بە کاتی هەولێر کرانەوە و لە شارە گەورەکان تاوەکو کاتژمێر 7ی ئێوارە کۆتایی دێت، لە شارۆچکە و شارە بچوکەکانیش کاتژمێر 4ی دوانیوەۆ کۆتایی دێت.

"هەڵبژاردنەکە چۆن کاردەکات"

هاووڵاتیان لە هەلبژاردنەکەدا 577 کورسی پەرلەمان هەڵدەبژێرن، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا تەواوی پارتەکان بەشداری دەکەن. هەر ئەمشەو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە بڵاودەبێتەوە، بەڵام بە وردی ژمارەی کورسییەکان دیاری ناکرێت.

دوو شت ئەگەری روودانیان هەیە، یەکەم ئەوەیە یەکێک لە پارتەکان راستەوخۆ لە گەڕی یەکەمدا 50 کۆ یەکی کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە کە پێویستە زیاتر لە 289 کورسی بێت، یان هەڵبژاردنەکە دەچێتە گەڕی دووەم؛ گەڕی دووەم 7ی تەمموزی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردنەکە دابەشکراوە بەسەر ژمارەیەک بازنەدا لە تەواوی فەرەنسا. هەریەک لە پارتەکان لەو بازنانەدا بەربژێریان هەیە. لە هەریەک لەو بازنانەدا بۆ ئەوەی بەربژێرێک بتوانێت بگاتە پەرلەمانی فەرەنسا، پێویستە راستەوخۆ لە گەڕی یەکەمدا 50٪ی دەنگەکان بەدەستبێنێت.

ئەگەر کەس نەیتوانی ئەو رێژەی دەنگە لە بازنەکەی خۆیدا بەدەستبێنێت، ئەوا دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ و هەر بەربژێرێکی دیکە کە 12.5٪ یان زیاتری دەنگی ئەو بازنەیەی بەدەستهێنابێت، دەچنە گەڕی دووەم.

کێ دەیباتەوە؟

بە گوێرەی راپرسییەکان ئێستا دابەشبوونی دەنگی گەلی فەرەنسا بەسەر پارتەکاندا بەم جۆرەیە.

پارتی بەرەی نیشتمانی راستڕۆی دژە کۆچبەر بە سەرۆکایەتی مارین لوپین لە پلەی یەکەمدایە و 36٪ی دەنگەکان دەباتەوە؛ هاوپەیمانیی بەرەی نوێی گەل بە سەرۆکایەتی ژان لوک میلانشۆن 28٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و پارتی ئینسۆمبل کە پارتی دەسەڵاتە و میانڕۆیە بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن 20٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

نزیکەی 48 ملیۆن هاووڵاتی فەرەنسی کە مافی دەنگدانیان هەیە بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن. تاوەکو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە ریکۆردی مێژوویی تۆمارکردووە.

بەرنامەی پارتە پێشەنگەکان چین؟

مارین لوپێن، سەرۆکی بەرەی نیشتمانی دەڵێت، ئەگەر بەربژێرەکەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا سیستمێکی دژە کۆچبەری پەیڕەو دەکات و ئابووری فەرەنسا دەبووژێنێتەوە. وا باس دەکرێت ئاڕاستەی دیپلۆماسی و سەربازی فەرەنساش بە رووی جەنگی ئۆکراینادا بگۆڕێت.

هەفتەی رابردوو رایگەیاند، رێگە نادات ئیمانوێل ماکرۆن سەربازی فەرەنسا بۆ ئۆکراینا بنێرێت.

ژان میلانشۆن، سەرۆکی هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەل یەکێک لە نەیار و رکابەرە سەرسەختەکانی ماکرۆنە و بە دژە ناتۆ ناسراوە. پێشبینی دەکرێت ئەگەر ئەویش بیباتەوە ئاڕاستەی سیاسی و سەربازی فەرەنسا بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت.

ئەم هەڵبژاردنە هیچ پەیوەندییەکی بە پۆستی سەرۆکایەتی فەرەنساوە نییە؛ واتە ئیمانوێل ماکرۆن بە شێوەیەکی ئاسایی تاوەکو ساڵی 2027 سەرۆکی فەرەنسایە و دەسەڵاتە یەکلاییکەرەوەکان لە ژێر دەستی خۆیدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆن سەرۆکوەزیران دیاری بکات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر بڕیارەکانی ماکرۆن دروست بکەن لە رێگەی پەرلەمان و شەقامی فەرەنساوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار