جۆ بایدن: راستە من خراپ بووم لە دیبەیتەکە، بەڵام ترەمپیش باش نەبوو

5 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

جۆ بایدن بە سپۆنسەرانی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەڵێت، "راستە من شەوێکی باشم بەڕێ نەکرد [لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ]، بەڵام ترەمپیش خراپ بوو". بەڵێنیشیان پێدەدات، "ئەم هەڵبژاردنە دەبەینەوە".

رۆژی یەکشەممە 30-6-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە ژمارەیەک رێوڕەسمی کۆمەک کۆکردنەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژردنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کرد.

لە تەواوی ئەو سەردانیانەدا بایدن هەوڵیداوە پارێزگاری لە خراپی وەڵامەکانی لە دیبەیتەکەی رۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکات. لەو دیبەیتەدا بایدن چەندین جار قسەکانی بیرچووەوە و چەندین هەڵەی کرد کە دەنگدانەوەی زۆری لە ئەمریکا و جیهان هەبوو.

نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ژنە سیاسەتڤانی دیموکراتی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتەکەی بایدنەوە گوتوویەتی، "بایدن باش نەبوو". کەیت بێدینگفیڵد، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەکانی بایدنیش لەبارەی دیبەیتەکەوە گوتوویەتی، "بە تەواوی بێ ئومێدکەر بوو".

بایدن دەڵێت، تێدەگات لە نیگەرانییەکانی دوای دیبەیتەکە، بەڵام بەڵێنیش دەدات باشتر بێت.

بەرپرسانی کامپەینەکەی جۆ بایدنیش دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو سەرۆکە 81 ساڵەی ئەمریکا لە دیبەیتەکەیدا باش نەبووە، بەڵام دەشڵێن رێگە نادەن بەربژێرێکی دیکە لە جیاتی جۆ بایدن دابنرێت.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە، "دیبەیتی خراپیش دەبێت". دەشڵێت، "هێشتا ئەم هەڵبژاردنە لە نێوان کەسێکدایە کە هەموو تەمەنی بۆ خەڵکی ئاسایی تەرخانکردووە و کەسێکی دیکە کە تەنیا خۆی بەلاوە گرنگە".

هەر دوای چەند کاتژمێرێک لە دیبەیتەکە، بینەرانی رایانگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد.

لە راپرسییەکدا کە لەلایەن وێبسایتی دەیتا فۆر پرۆگرێسەوە راگەیێنراوە دەڵێت، 62٪ی بینەرانی دیبەیتەکە لایان وایە ترەمپ براوە بووە و تەنیا 30٪یان دەڵێن بایدن بردوێتییەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار