گۆڤاری لانسێت: 7٪ی مردن لە شارە گەورەکانی هیندستان بەهۆی پیسبوونی هەواوەیە

3 ڕۆژ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، پیسبوونی هەوا لە 10 شاری گەورەی هیندستان هۆکاری 7٪ی تەواوی ژمارەی مردنە.

رێکخراو و چالاکڤانانی ژینگە داوادەکەن بە زووترین کات کار بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک بکرێت.

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن تیمێک زانای بواری کەشوهەوای هیندی کراوە و لە گۆڤاری بەناوبانگیی زانستیی لانسێت بڵاوکراوەتەوە.

زاناکان بۆیان دەرکەوتووە لە هەریەک لە شارەکانی ئەحمەداباد، بەنگالورو، چینای، دەلهی، حەیدەراباد، کۆلکاتا، مۆمبای، پون، شیملا و ڤاراناسی، رێژەی دەنکۆڵەی زیانبەخش کە قەبارەکەی 2.5 مایکرۆ مەترە بەشێوەیەک زیادیکردووە کە خەڵک تووشی شێرپەنجەی سییەکان دەکات.

بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە 2008 بۆ 2019، لە هیندستان 33 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە.

هۆکاری سەرەکیشی زیادبوونی دەنکۆڵەی قەبارە گەورەیە کە مەزەندە دەکرێت لە هەر مەتر سێجایەک هەوادا 60 دەنکۆڵەی 2.5 مایکرۆ مەتریی تێدابێت.

ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت دەبێت زۆرترین دەنکۆڵەی لەو قەبارەیە 15 دانە لە مەترێک سێجا تێپەڕ نەکات.

ئەو ژمارەیە 7.2٪ی تەواوی مردنەکانە لەو 10 شارە گەورەیەی هیندستاندا.

دەلهیی پایتەختی هیندستانیش خراپترین کواڵتی هەوای هەیە و بەهۆیەوە ساڵانە 12 هەزار کەس دەمرن، ئەوەش 11.5٪ی تەواوی مردنەکانی ئەو شارە پێکدەهێنێت.

لەو شارانەشدا کە کواڵتی هەوا باشترە وەک مومبای، کۆلکاتا و چینای، رێژەی مردن بەهۆی خراپی هەواوە بەرزە.

رێکخراوی دەبلیو ئێچ ئۆ ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەموو دانیشتووانی زەوی ئێستا هەوای پیس هەڵدەمژن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار