zhyr

لە ژێر فشاری ئەمریکا حەماس و ئیسرائیل هەوڵی گەیشتن بە ئاگربەست دەدەن

3 مانگ لەمەوپێش



مەهران رەمەزان

هاوڵاتی، سلێمانی

ئەمریکا فشاری خستوەتە سەر تەلئەبیب بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە، بەرپرسێكی ئەمریكاش دەڵێت، پێشنیازەكەی حەماس دەرفەتێكی راستەقینەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی مۆساد سەردانی قەتەر دەکات.

میدیا جیهانییەکان لە بارەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتەکان، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگر بەست لە غەززە، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا فشاری خستوەتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بایدن بە ناتانیاهۆی راگەیاندوە، کاتی رزگارکردنی ژیانی زیندانییەکان هاتووە، کە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستبەسەرکراون.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بەرۆژنامەكەی وت: پێشنیازەكەی بزووتنەوەی حەماس كە بۆ ئاگربەست پێشکەشی کردوە دەرفەتێكی راستەقینەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، دەتوانرێت لەوچوارچێوەی ئەو پێشنازە ئاڵوگۆڕی دیلەكان بكرێت.

نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای دڵنیاكردووەتەوە کە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل شاندێکی دانوستان بەسەرۆکایەتی سەرۆکی مۆساد دەنێرێت بۆ دۆحە.

بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، راگرتنی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و ئازادكردنی دیلەكان، چەند مانگێكە هەریەك لە میسر و قەتەر و ئەمریکا دەستپێشخەری دەكەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتون بە رێككەوتن لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی حەماس داوا دەكات کۆتایی بە جەنگە بهێنێت و سوپای ئیسرائیل لە غەززە بكشێتەوە، هەروەها ئیسرائیل رەتی دەكاتەوە و كاتێك بەئاگر بەست رازی دەبێت، كە تەواوی بزووتنەوەی حەماسی لەناوبردبێت.

ئەمڕۆش ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان لەگەڵ سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس کۆبویەوە و دوایین پێشهاتەكانی و دانووستانەكانی ئەو پێشنیازانەی خراوەتەڕوو بۆ وەستاندنی شەڕی كەرتی غەزە تاوتوێ كرد، هەردوولا جەختیان لە یەكڕیزیی هەڵوێست و بەردەوامی هەماهەنگی مەیدانیی و سیاسیی كردەوە.

لە بەرەبەیانی 7ی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار