zhyr

حەماس بە ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل رازی بووە

3 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

بزوتنەوەی حەماس دوای 16 رۆژ پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ قسەکردن لەسەر ئازدکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان پەسەندکرد.

ئەمە بەبێ رازیبوونی ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی تاهەتایی.

لە پێشتردا حەماس مەرجی وابوو، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەبێت ئیسرائیل بە ئاگربەستی هەمیشەیی رازی بێت.

بەرپرسێکی دەسەڵاتی فەڵەستینی کە لە نێوەندگیرانی قەتەری و میسری نزیکە بە رۆیتەرزی گوتووە، ئەم وەڵامەی حەماس بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا، ئەگەر لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەند بکرێت، دەکرێت سەر بۆ ئاگربەستی تەواوەتی و کۆتاییهاتنی جەنگی 9 مانگەی غەززە بکێشێت.

لە لای ئیسرائیلەوە، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا لەم بارەیەوە قسەیان نەکردووە و رۆژی هەینی لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەفتەی داهاتوو گفتووگۆکان بەردەوام دەبن و هێشتا جیاوازی لە نێوان ئەو دوو لایەدا زۆرە.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی حەماس کە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە و داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، پێشنیازەکە ئاگربەستێکی کاتی، گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە چەند بەشێکی غەززە لەخۆدەگرێت.

گفتووگۆ و هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لە غەززە لە چەند رۆژی رابردوودا زیادیکردووە و حەماس و ئیسرائیلیش لەلای خۆیانەوە باسیان لە گفتووگۆ و بەرەوپێشچوونەکان کردووە.

یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئاگربەستێک بکات.

جەنگی غەززە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە تێیدا 1200 کەسی کوشت و 250 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت.

لەو کاتەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 38 هەزار فەڵەستینی کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار