zhyr

جۆ بایدن: مەگەر تەنیا خودا بتوانێت وام لێبکات وازبهێنم

3 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، سلێمانی

دوای ئەوەی دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە داوای لێدەکرێت واز لە خۆ بەربژێرکردنەوە بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا بهێنێت. بایدن دەڵێت، "مەگەر تەنیا خوا بتوانێت وام لێبکات وازبهێنم".

جۆ بایدن دەڵێت، "من جیهان بەڕێوەدەبەم" و کەسی دیکە لە خۆی بە شایانتر بۆ ئەو ئەرکە نابینێت. ئەمە لەکاتێکدایە، چوار ئەندامی کۆنگرێس کە سەر بە دیموکراتەکانن تاوەکو ئێستا داوایان لە بایدن کردووە واز بهێنێت.

مارک وینەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەواڵگریی ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، نیازی وایە گرووپێک لە ناو سیناتۆری دیموکراتەکان دروست بکات کە داوا لە جۆ بایدن بکەن واز لە خۆ بەربژێرکردنەوە بهێنێت.

بایدن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی لە وەڵامی ئەو گوشارانەدا دەڵێت، "سەیرکە، ئەگەر خودا بێتە خوارەوە و بڵێت، 'جۆ، لە رکابەرییەکە وەرە دەرەوە'، ئەوە دەهاتمە دەرەوە، بەڵام خودا نایەتە خوارەوە".

جۆرج ستیفانۆپۆلۆس، کە لە پێشووتدا راوێژکاری باڵای بیڵ کڵینتن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بووە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵدا دەکات و لێی دەپرسێت، نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تواناتی خستووەتە ژێر گومانەوە.

بایدن لە وەڵامدا دەڵێت، ئەو دیبەیتە "تەنیا ئەڵقەیەکی خراپ بوو" لە زنجیرەیەک دیبەیتی دیکە. باس لەوەش دەکات، هیچ نەخۆشییەکی جیددی نییە و تەنیا ئەو شەوە هیلاک بووە.

27ی حوزەیرانی ئەمساڵ، یەکەم دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024ی ئەمریکا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو. جۆ بایدن لەو شەوەدا ئاستێکی کارەساتباری پێشکێشکرد و زۆرینەی وەڵامەکانی ناڕوون یان هەڵەبوون.

لە دوای دیبەیتەکە راپرسی جۆراوجۆر لە ئەمریکا کرا و زۆربەی راپرسییەکان ئەوەیان نیشانداوە بایدن کەڵکی ئەوەی نییە ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەس بەهۆی زۆری تەمەنی و تێکچوونی دۆخی هزر و بیرکردنەوەی.

لە راپرسییەکدا ئەوە دەرکەوتووە، 67٪ی ئەمریکییەکان لایان وابووە دۆناڵد ترەمپ دیبەیتەکەی بردووەتەوە و راپرسییەکی دیکەش کە لە ناو دیموکراتەکان کراوە دەڵێت، 1 لە هەر 3 دیموکراتێک لای وایە جۆ بایدن پێویستە وازبهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار