سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بەرنامەی ناردنی پەناخوازانی بۆ رواندا هەڵوەشاندەوە

10 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی
ئەمڕۆ کیەر ستامەر وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا یەکەم وتاری خۆی لەبەردەم خانووی ژمارە 10ی شەقامی داونینگ پێشکێشی گەلی بەریتانیا کرد. ستامەر باسی لەوەکرد بەردەوامی بە بەرنامەی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا نادات.
رۆژی شەممە 6-7-2024، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "پلانی رواندا هەر پێش ئەوەی دەستیش پێبکات مردبوو و نێژرابووش". ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی بەو پلانە نادات کە دەزانێت هیچ کاریگەرییەکی بۆ راگرتنی چوونی کۆچبەر بۆ بەریتانیا نییە.
قسەکانی ستامەر کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەواوی ئەو کۆچبەرانە دەبێت کە هێشتا مافی پەنابەرێتییان لە بەریتانیا نەدراوەتێ، ئەوەش چونکە لە نیسانی ئەمساڵ پەرلەمان بە شێوەیەکی فەرمی بڕیارەکەی پەسەندکرد و حکومەت لە مانگی ئایاردا دەستی بە دەستگیرکردنی خەڵک بۆ ناردنیان بۆ رواندا کرد.
ئەو بڕیارە لە کاتێکدابوو، رێکخراوانی مافی مرۆڤی جیهان و بەریتانیاش بە توندی دژی ئەو بڕیارەی حکومەت وەستانەوە و بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤیان دانا.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بەڵێنی بە خەڵکی وڵاتەکەی دابوو، تاوەکو پێش هەڵبژاردن فڕۆکەی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا دەفڕێت. لە پەرلەمانی وڵاتەکەشی گوتی، "هیچ ئەگەرێک و هیچ بەڵامێک مەڵێن، ئەو فڕۆکانە بەرەو رواندا دەفڕن"، مەبەستی فڕۆکەی پەناخوازەکان بوو.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە ئاسیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە بە رێگەی مەترسیدار و ئاویدا خۆیان دەگەیێننە ئەوروپا و پاشان بەریتانیا. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 27ی حوزەیرانی ئەمساڵ، 13 هەزار و 195 کەس لە فەرەنساوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
هەرچەندە حکومەتی پارێزگارەکان گەورەترین سەرنجیان لەسەر کەمکردنەوەی چوونی کۆچبەر بوو بۆ بەریتانیا، لە 6 مانگی یەکەمی 2024دا ژمارەکە بەراورد بە 2023، 16٪ زیادیکردووە.
