حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگی مێژوو بووە

5 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی

بە گوێرەی چاودێریکاری کەشوهەوای یەکێتی ئەوروپا، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بووە لە مێژوودا.

هەروەک، 13 مانگی رابردوو بەراورد بە مانگی ساڵەکانی پێش خۆیاندا گەرمترین بوون.

کارلۆ بوێنتێمپۆ، بەڕێوبەری ناوەندی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس دەڵێت، "ئەمە زیاترە لە تەنیا ژمارەیەکی سەیر، ئەمە گۆڕانێکی گەورە و دیار لە کەشوهەواکەمان نیشاندەدات".

باس لەوەش دەکات، ئەگەر بەم تاوەی ئێستا زەوی گەرمببێت، لە داهاتوودا ریکۆردی زیاتری گەرما دەبینین.

کارلۆ دەڵێت، بەهۆی دەردانی گازی زیانبەخشەوە بۆ بەرگەهەوا، ئەمە پێشبینیکراو بوو.

پلەی گەرمای بەرزتر لە چاو تەواوی ساڵەکانی پێشوودا لە ئەمریکا، سعودیە، هیندستان و مەکسیک و دەیان وڵاتی دیکە تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی پلەی گەرمیی تەواوی جیهان رووی لە بەرزبوونەوەی زیاترە.

بەهۆی ئەو گۆڕانە گەورەیەی کەشوهەواوە، کارەساتی سروشتیی وەک لافاو لە کینیا، چین، بەرازیل، ئەفغانستان، رووسیا و فەرەنسا روویانداوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس مردوون و برینداربوون.

جگە لە پلەی گەرمای ناوچە وشکانییەکانی زەوی، پلەی گەرمای زەریاکانیش گەشتوونەتە بەرزیی و ریکۆردی نوێ.

زەریای ئەتلانتیک، باکووری زەریای هێمن و زەریای هیندی لەو ئاوانەن کە پلەی گەرمییان بەراورد بە پێشووتردا زۆر بەربووەتەوە.

زەریاکان 75٪ی زەوی پێکدەهێنن و 90٪ی گەرمیی زەوی هەڵدەمژن، بۆیە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەریاکان لای زاناکان وەک دیاردەیەکی مەترسیدار تەماشا دەکرێت.

پلەی گەرمای زەوی لە 12 مانگی رابردوودا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار کە ئەویش 1.64 پلەی سلیزی بەرزترە لە پێش شۆڕشی پیشەسازی.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێککەوتننامەی پاریسی 2015، 196 وڵات لەسەر ئەوە رێککەوتن هەوڵ بۆ هێشتەوەی پلەی گەرمای زەوی لە ژێر 1.5 پلەی سلیزی بخەنەگەڕ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار