میانڕۆ و چەپەکانی فەرەنسا بەسەر راستڕۆکاندا سەرکەوتن؛ حکومەت چۆن پێکدێت؟

5 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی

رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ کام لە پارت و لایەنەکان نەیانتوانی زۆرینەی 50 کۆ یەکی کورسییەکانی پەرلەمان ببەنەوە.

ئێستا کێشەی دروستکردنی حکومەت دروستبووە و بەهۆیەوە درێژە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕیکەر درا.

لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، میانڕۆ و چەپەکان لە دژی بەرەی راستڕۆی نیشتمانی یەکیانگرت و وایانکرد ئەو پارتە راستڕۆیە نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.

لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە هیچ دەسەڵاتێکی راستڕۆ لە فەرەنسا نەهاتووەتە سەر حوکم.

هەردوو بەرەی نوێی گەلی چەپ، بە سەرۆکایەتی ژان میلانشۆ و پارتی ئینسێمبڵ بە سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن زیاتر لە 200 بەربژێریان لە بازنە جیاوازەکانی فەرەنسا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان کشاندەوە، تاوەکو بەربژێری سەرەکی بتوانێت لە بەربژێری پارتی بەرەی نیشتمانی بباتەوە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بۆ پارتە زۆرینەکان بەم جۆرە بوو، پارتی بەرەی نوێی گەلی چەپ 182 کورسی، پارتی ئینسێمبڵی میانڕۆ 168 کورسی، پارتی پارێزگارەکان 46 کورسی و پارتی بەرەی نیشتمانی و هاوپەیمانانی 143 کورسی، هەرچی پارتی دیکەیە 38 کورسی.

ئێستا رکابەرییەکە لە نێوان پارتی دەسەڵات، ئینسێمبڵ و هاوپەیمانێتی بەرەی نوێی گەلی ئەوپەڕی چەپە.

هیچ کام لەو دوو پارتە بەبێ هاوپەیمانیکردنی یەکدی یان هاوپەیمانیکردنی بەرەی نیشتمانی راستڕۆ ناتوانن حکومەت پێکبهێنن.

تەواوی ئەو سێ هاوپەیمانێتییە سەرەکییەش دژی یەک و جیاواز بیردەکەنەوە. هەربۆیە حکومەتی فەرەنسا وا زوو پێکنایەت و بەهۆیەوە درێژە بە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەر درا.

هۆکاری یەکگرتنی میانڕۆ و چەپەکان ئەوەیە، حکومەتێکی راستڕۆ بۆ فەرەنسا مەترسی گۆڕانی تەواوەتی سیاسەتی ئابووری، سەربازی و دەرەوەی ئەو وڵاتەی لێبکەوێتەوە.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هیچ پارتێکی راستڕۆ دەسەڵاتی لە فەرەنسا نەگرتووەتە دەست و راستڕۆکان لەلایەن پارتەکانی دیکەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە رەچەڵەکپەرست، دژە کۆچبەر و دژە ئیسلامن.

هەروەها بەوەش تۆمەتبار دەکرێن، ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، کاردانەوەیان بەرامبەر کارەکانی رووسیا نەرمتر دەبێت و تا رادەیەکی زۆر دژە رۆژئاوایین و هاریکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراینا کەمدەکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار