تەندروستی غەززە: بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل 90 کەس کوژران
4 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
تەندروستی غەززە، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ئەلمەواسی لە خان یونس 90 کەس کوژران و 300 دیکەش بریندار بوون.
رۆژی شەممە 13ی تەمموزی 2024، تەندروستی غەززە بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل کەمپی ئەلمەواسی لە خان یونس بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە 90 کەس کوژران و 300 کەسی دیکەش بوونە قوربانی.
ئەمە جگە لەوەی لە هێرشێکی دیکە 20 کەس لە کاتی نوێژکردن لە کەمپی شاتی لەلایەن ئیسرائیل کوژران.
ئاماژە بەوەشکراوە، زۆری ژمارەی قوربانییان وایکردووە لە رێگەی ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی کەس و تەنانەت کەر و عارەبانەش بیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
ئیسرائیل دوای هێرشەکە هەر زوو رایگەیاند سەرکردەیەکی حەماسیان کردووەتە ئامانج، بەڵام دواتر سەرۆکوەزیرانەکەیان ئەوەی خستەڕوو "دڵنیانین ئەو سەرکردەیەی حەماسیان کوشتووە یاخود نا".
جێگەی ئاماژەیە، رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لە لایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.