له‌تیف هه‌ڵمه‌ت: شانازى به‌وه ده‌که‌م یه‌کێکم له عاشقه گه‌وره‌کانى سه‌ده‌ى بیست
7 ساڵ لەمەوپێش
هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانى
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ناوێکى دیار و شاعیرێکى گرنگ له مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى دا، خۆرێک به ئاسمانى وێژه‌ى کوردییه‌وه، شاعیرێکى عیرفانى و سۆفییهکى بێده‌نگ، ئه‌و کاتێک ده‌دوێت هێنده به ئارامى و به‌شه‌رمه‌وه دهئاخافێت، ده‌بێت گوێیه‌کانت ببه‌یته نزیکى، تا وته‌کانى ببیستیت.
کتێبى (ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) کتێبێکى قه‌باره مام ناوه‌نده‌و )شه‌مێران سلێمان( له‌گه‌ڵى سازداوه. لهکتێبهدا، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، باسى ژیانى منداڵى و نوێگه‌رى له شیعرى کوردى و گروپى روانگه‌و چیرۆکى درووستبوونى ئه‌و گرووپه ده‌کات.هه‌روه‌ک باس له سه‌ره‌تاى هه‌وڵه‌کانى خۆى ده‌کات بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ى شیعرى کوردى و ده‌ڵێت که ده‌چوومه کۆڕێکهوه شیعرێک بخوێنمه‌وه، ده‌یان وت قسه‌ى قۆڕ ئه‌مه که‌ى شیعره. له‌باره‌ى عیشق و خۆشه‌ویستیشه‌وه جیاواز له خه‌ڵکى تر بووه، جگه‌له‌وه‌ى هێما بۆ ئه‌وه ده‌کات تائێستا شیعرێکی نه‌نوسیوه، شیعرى عاشقانهبێت و بۆ کچێکینهنووسیبێت، ده‌شڵێت من کاتى خۆى له‌یه‌ککاتدا عاشقى دوو کچ بووم و هه‌ردووکیانم خۆشده‌ویست، شانازى به‌وه ده‌که‌م یه‌کێکم له عاشقه گه‌وره‌کانى سه‌ده‌ى بیست" له‌باره‌ى شیعرى بۆنه‌و شیعر بۆ سه‌رکرده‌کانیشه‌وه وتویهتى شیعرم بۆ هیچ بۆنه‌و که‌سایه‌تییه‌ک نه‌وتوه تا لێى په‌شیمانم. له‌باره‌ى خوێندنهوهشهوه ده‌ڵێت ئیتر من بۆ ئه‌وه له‌دایکبووم، بخوێنمه‌وه‌و ببم به شاعیر.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له ساڵى 1949 له شارۆچکه‌ى کفرى له دایکبووه، له ماڵێکدا چاوى به دنیا هه‌ڵهێناوه که بنه‌ماڵه‌یه‌کى ئاینپه‌روه‌ر و رۆشنبیربوونه، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه به‌گشتی و له‌سه‌ره‌تای قۆناغی سه‌ره‌تاییدا له‌ماڵی خۆیاندا عاشقی واتا‌و سۆز‌و ریتمی وشه‌ی جوان بووهشهوان ماڵیان پڕله ده‌روێش و شێخ و مه‌لا بووه، کۆڕى زیکر و هه‌لهه‌له‌ى ده‌رویش و کتێب خوێندنه‌وه به‌ستراوه، له‌و سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نه‌وه ئاشناى کتێب گه‌لێکى وه‌ک (قورئان و چیرۆکى پێغه‌مبه‌ران و مهسنهوییهکانى جه‌لاله‌دینى رۆمى و دیوانى حافزى شیرازى و بووستان و گوڵستانى سه‌عدى شیرازى و فهریدهدینى عه‌تار و دیوانى شاعیره کوردییه‌کان بووه. ئه‌و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "به‌ڕاستى من قه‌رزارى باوکمم، چه‌نکه کتێبێکى زۆرى له کتێخانهکهى دا هه‌بوو، ده‌مخوێنده‌وه"
ئه‌و ورده ورده، به ئیلهام وه‌رگرتن له کتێبخانه‌که‌ى باوکى ده‌ستده‌کات به‌خوێندنه‌وه‌و روو له دنیاى شیعر و نووسین ده‌کات، له‌باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى یه‌که‌م شیعرى خۆشى ده‌ڵێت ""وابزانم له ژماره هه‌شتى کۆوارى رزگارى بووکه له سلێمانى ده‌ره‌چوو، یه‌که‌م شیعرم بڵاو بوویه‌وه. ئه‌و شیعره هه‌م ده‌قێکى شیعرى بوو، هه‌م بانگه‌وازێک بوو، که ئیتر کۆتایی به شیعرى کۆن بێت و به‌شێوازێکى نوێ بنوسین"
هه‌روه‌ها یه‌که‌مین شیعری درێژی نوێ، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌ڵێ که شیعری (ئه‌م کوولهکانه ئه‌شکێنم، چوار هه‌ڵبه‌ست له‌رۆژمێری رێبوارێکی ماندوودا، بۆ ئه‌و رۆژه‌ی هالی ده‌کشێ، ئه‌مه دوا هه‌ڵبه‌ستم نییه، گۆرانی پاشهرۆژ یا به‌یاننامه‌ی شاعیره شێته‌که) که له‌سه‌ره‌تاو کۆتایی حه‌فتاکاندا بلاوکراونه‌ته‌وه، نموونه‌ی ئه‌و شیعره درێژانهن
تا ساڵى حه‌فتاکان له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له کفرى ده‌مێنێته‌وه و دواتر به‌ماڵه‌وه ده‌چنه که‌رکوک ئه‌و ده‌ڵێت "ته‌قریبه‌ن تاکۆتایی ساڵى حه‌فتاکان له شارى کفرى بووین، ئیتر کفریمان به‌جێهێشت و چوین بۆ که‌رکوک، له‌وێ زیاتر ئاشناى خوێندنه‌وه بووم، له پازده شازده ساڵى، دیوانى بهدرشاکر سه‌یاب، عبدولوه‌هاب بهیاتیم ده‌خوێنده‌وه، ئیتر من بۆ ئه‌وه له‌دایکبووم، بخوێنمه‌وه‌و ببم به شاعیر، دواتر رووم کرده به‌غداد و لهچایخانهى په‌رله‌مانیش، زۆربه‌ى نوسه‌رانى کوردم له‌وێ ناسى، وه‌ک حسێن عارف، بورهان قانع، ره‌فیق سابیر، کاکه‌ى فه‌لاح، محمدى مه‌لا که‌ریم، مارف خه‌زنه‌دار، ئیحسان فواد..هتد.
له حه‌فتاکانى سه‌ده‌ى رابردوودا دوو گرووپى شیعرى نوێگه‌رى له مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى دا سه‌رى هه‌ڵدا، یه‌که‌میان گرووپى روانگه که شێرکۆ بێکه‌س و حسێن عارف و چه‌ند شاعیرێکى تر رابه‌رایه‌تییان ده‌کرد، دووه‌میان گرووپى کفرى، که له‌تیف هه‌ڵه‌مه‌ت و فه‌رهاد شاکهلى، رابه‌رایه‌تییان ده‌کرد.
سه‌باره‌ت به چیرۆکى راگه‌یاندنى به‌یاننامه‌ى گرووپى شیعرى کفرى، به‌مشێوه‌یه چیرۆکه‌که‌ى ده‌گێڕێته‌وه "کۆنگره‌ى یه‌کێتى نووسه‌رانى کوردبوو له ساڵى 1971 ئێمه بانگ نه‌کراین و وتیان نابێت هیچ بخوێننه‌وه‌و کراینه ده‌ره‌وه، که زانیمان وایه من و فه‌رهاد شاکهلى، بازمان دایه سه‌ر شانۆکه‌و میکرۆفۆنهکهمان داگیرکردوو که‌وتینه شیعر خوێندنه‌وه، دواتر من و فه‌رهاد به‌یاننامه‌ى گروپى کفری _که‌رکوک مان ده‌رکردو ئیمزامان کرد، سه‌د نوسخهیهکمان بڵاوکرده‌وه، واته من و فه‌رهاد شاکهلى ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌مان نوسی و به‌رپرسین له ناوه‌ڕۆکه‌که‌ى".
له باره‌ى ناکۆکییه‌کانی گرووپى روانگه‌و گرووپى کفرى، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌ڵێت "ئێمه له بهیاننامهکهماندا خه‌تێکى راست و چه‌پمان به‌سه‌ر کلتورى کوردى دا هێناوه، به‌ڵام ئه‌وان پشتگیرى کولتورى کوردى ده‌که‌ن. ئێمه ئاماده‌نه‌بووین نه شیعرى موناسه‌به بڵێین، نه شیعر به‌سه‌ر گه‌وره‌کانى کورددا بڵێین، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و شیعرانه‌یان ده‌وت. من که ده‌چوومه کۆڕێکهوه شیعرێک بخوێنمه‌وه، ده‌یان وت قسه‌ى قۆڕ ئه‌مه که‌ى شیعره، چونکه نهباسى سه‌رکرده‌یه‌کى کوردهکات نه لایه‌نێک، نهکێشى هه‌یه و نه سه‌روا"
ئه‌و شاعیره‌ى که رۆژانێک گاڵته‌یان به شیعره‌کانى کردووه‌و به زۆر له کۆڕه‌کان کردوویانه‌ته ده‌ره‌وه تا شیعر نه‌خوێنێته‌وه، ئێستا شیعره‌کانى به‌زمانى عه‌ره‌بى، فه‌ڕه‌نسى، فارسى، سویدى، هۆڵندى، ئه‌ڵمانى، ئه‌مریکى، تورکى به‌شێوه‌ى کتێب و هه‌روه‌ها له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان، به‌و زمانه جیاوازانه بڵاوکراونه‌ته‌وه.
له‌باره‌ى ره‌خنه‌ى کوردى له‌م سه‌رده‌دا، شاعیر راى وایه تا ئێستا رهخنهگرێگى جدى وامان نیه که به‌بێ لایه‌نى ده‌قێک هه‌ڵبسه‌نگێنێت له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت "ئێمه رهخنهگرێکمان نییه له ئاستى ره‌خنه‌گرانى عێراقى دا بێت. ره‌خنه‌گر ده‌بێت سێ چوار زمان بزانێت ئاگادارى قوتابخانه شیعرییه‌کان بێت، به‌ڵام ره‌خنه‌گرانى ئێمه زۆربه‌یان یه‌ک زمان ده‌زانن"
له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا، شاعیر ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه ده‌کات، له‌دواى راپهڕینهوهله ساڵى 1992، تا ساڵى 2000 له شیعر نووسین ده‌وه‌ستێت، له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت "رۆژێکیان له بنکه‌ى رووناکبیرى که‌رکوک بووم له کۆڕێکى شیعر خوێندنه‌وه هه‌بوو، هه‌ستمکرد هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ى خوێندرانه‌وه ههموویى له یه‌ک ده‌چوون، ئه‌وه‌ى خۆشم له‌وانه‌ى پێشووترم ده‌چوو، بۆیه بڕیارمدا تا ساڵى 2000 هیچ نه‌نووسم"
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت،هێما بۆ ئه‌وه ده‌کات له ژیانى شاعیرى خۆى له‌هیچ شعرێکى په‌شیمان نیه که وتوویه‌تى و ده‌ڵێت "شیعرم بۆ هیچ بۆنه‌و که‌سایه‌تییه‌ک و نه‌وتوه تا لێى په‌شیمانم، له‌به‌ر ئه‌وه ئاماده‌م، سه‌رجه‌م شیعره‌کانم بخهمهمه نێو دیوانهکانمهوه"
عیشق و خۆشه‌ویستى له ژیانى له‌تیف هه‌ڵمه‌ت دا، چه‌مکێکى عیرفانى و عیشقێکى راسته‌قینه‌یه، هه‌موو شیعره عاشقانه‌و دڵدارییهکانى، کچێک له پشتییه‌وه بووه، جارى واش هه‌بووه، له‌یه‌ککاتدا دوو کچى خۆشویستوه‌و عاشقى دوو که‌س بووه. له‌باره‌ى عیشق و خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌ڵێت "تائێستا شیعرێکم نه‌نوسیوه، شیعرى عاشقانهبێت و بۆ کچێک نه‌بێت. من کاتى خۆى له‌یه‌ککاتدا عاشقى دوو کچ بووم و هه‌ردووکیانم خۆشده‌ویست. تائێستاش عاشقم، کاتێک له عیشق که‌وتم شیعر نانووسم. شیعری عاشقانهشم بۆ هاوسه‌ره‌که‌م زۆره، ئه‌و نزیکه‌ى بیست ساڵه گورچیله‌ى نه‌خۆشه، ده‌یان شه‌و به‌درێژایی شه‌و به دیارییه‌وه دانیشتووم، جگه‌له‌وه‌ش ئێمه شه‌ش مناڵمان مردووه، به‌لاى ئه‌وه‌وه زۆر که‌سه‌ره، من دڵى ده‌ده‌مه‌وه. من شانازى به‌وه ده‌که‌م یه‌کێکم له عاشقه گه‌وره‌کانى سه‌ده‌ى بیست"
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له ژیانى خۆیدا ئه‌وه‌ى زۆر لیى ده‌ترسێت، سواربوونى فڕۆکه‌یه، به‌هۆى ئه‌و ترسهشهوه چه‌ندین جار بانگهێشتى ده‌ره‌وه‌ى وڵات کراوه به‌ڵام نه‌چووه، ئه‌و هێما بۆ ئه‌وه ده‌کات هه‌ر ئه‌و نه‌بووه که له فڕۆکه ترساوه به‌ڵکو هێمنى شاعیریش زۆر له ئۆتۆمبێل ترساوه، ئه‌و ده‌ڵێت "مامۆستا هێمن زۆر له ئۆتۆمبێل ده‌ترسا، جارى وا هه‌بووه له له‌شه‌قامى ره‌شید له به‌غدا ده‌په‌ڕینه‌وه، ئه‌و هه‌تا یه‌ک ئۆتۆمبێل دیاربوایه حه‌زى نه‌ده‌کرد بپه‌ڕێته‌وه، هه‌ندێکجار به‌زۆر ده‌ستمان ده‌گرت ده‌مان په‌ڕانده‌وه، ده‌یوت به‌خوا زۆر لهماشێن ده‌ترسم"