کۆریای باکوور جارێکی دیکە باڵۆنی پڕ لە زبڵ و خاشاکی رەوانەی کۆریای باشوور کرد
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆ جاری دووەم کۆریای باشوور ئاشکرایکرد، کۆریای باکوور باڵۆنی دیکەی پڕ لە زبڵ و خاشاک رەوانەی وڵاتەکەی دەکات و هۆشداریش دەدات بە هاوڵاتییان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور رایگەیاند، "پێدەچێت باڵۆنەکان لەنزیک باکووری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوورەوە هەڵدرابن و داواش لە هاوڵاتییان دەکەن دەستکاری زبڵ و خاشاکەکە نەکەن و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە".
سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، “کردەوەکانی سوپای کۆریای باکوور بۆ زیادکردنی گرژی دەتوانێت ببێتە هۆی لێکەوتەی گرنگ بۆی و بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە بە تەواوی لە ئەستۆی حکومەتی کۆریای باکووردایە".
هەروەها سەرۆک ئەرکانی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەداوە، "سوپای کۆریای باشوور وەڵامی کۆریای باکوور دەداتەوە بە فراوانکردنی پەخشی بڵندگۆ لە هەموو بەشە سەرەکییەکانی سنووری کۆریای باکوور کە درێژییەکەی 247 کیلۆمەترە".
ئەم شەڕەی کۆریای باشوور و کۆریای باکوور ئەنجامی دەدەن شەڕێکی دەروونییە هەردوولا هەڕەشەی هەنگاوی بەهێزتر دەکەن.