لە ماوەی 24 کاتژمێردا 40 کەس لە رووسیا خنکاون

4 مانگ لەمەوپێش



مەهران رەمەزان

هاوڵاتی، سلێمانی

زۆربەی حاڵەتەکانی خنکان لە رووسیا کە روویانداوە بەهۆی ئەوە بووە خەڵکی لە شوێنی نەگونجاو مەلەوانیان کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی تەمووزی 2024، وەزارەتی رووداوە لە ناکاوەکانی رووسیا رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 40 کەس خنکاون و 2 لە خنکاوەکان منداڵن.

دەشڵێت، یەکێک لە رووداوەکان لە بوراتیا، سێ کەسی سەرخۆش بە یەکەوە خنکاون.

باسلەوەشدەکات، کە زۆربەی حاڵەتەکانی دیکە، خەڵکی لە شوێنی نەگونجاو مەلەوانیان کردووە.

جێگەی ئاماژەیە، رۆژی 7ی ئەم مانگە، هەر وەزارەتی رووداوە لە ناکاوەکان ئامارێکی بڵاوکردەوە، کە لە 24 کاتژمێردا 49 کەس خنکاون، کە حەوتیان منداڵ بوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 15ی تەممووزیش، ئەلیکساندەر کورنێکەڤی، وەزیری رووداوە لە ناکاوەکانی رووسیا رایگەیاند، لە سەرەتای هاوینی 2024ەوە تاوەکو ئێستا 215 منداڵ خنكاون.

وەزارەتەکە لە 17ی ئەم مانگە ئامارێکی 24 کاتژمێرەی بڵاویکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە، لە چەند ناوچەیەکی جیای رووسیا 27 کەس خنکاون و 16 کەسیش رزگارکراون.

هەر بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی رووداوە لە ناکاوەکانی رووسیا، لە ساڵی رابردوو 3 هەزار و 810 لە سەرتاسەری رووسیا بەهۆی مەلەکردنەوە خنکاون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار