کۆمپانیایەکی بەریتانی سیستمی سۆلار بۆ عێراق دابین دەکات
3 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمپانیای Hydro-C بەریتانی گرێبەستێکی بۆ کارکردن لە عێراق بەدەستهێنا، بۆ دیزاینکردن و دابینکردنی وێستگەیەکی وزەی خۆر بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە (BOC).
بڕیارە ئەو کۆمپانیا بەریتانییە سیستمەکان لە بەریتانیا دروست بکات و بۆ عێراقی بنێرێت.
ئەنجومەنی بازرگانی عێراق- بەریتانیا (IBBC)لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆمپانیای Hydro-C دەتوانێت پڕۆژەکە بە قەبارەیەکی گەورە فراوان بکات و دەتوانرێت لە کێڵگە گەورەکانی دیکەی نەوت و غاز لە سەرتاسەری وڵاتدا پەرەیپێبدات.
حەسەن حیشمەت، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای هایدرۆ-سی ڕایگەیاند، ئەمە هەواڵێکی گرنگە بۆ سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەتی خەڵکی عێراق، لەکاتێکدا دەست دەکەین بە دابینکردنی وزەی پاک و نوێبووەوە لە وڵات و دابینکردنی سەرچاوەیەکی پێویست بۆ کارەبا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش وا دەکات کۆمپانیاکانی بەریتانیا بتوانن پەرە بە کارامەیی ناوخۆیی بدەن لە عێراق و یارمەتی وڵاتەکە بدەن بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە.
کریستۆف میشێلس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای IBBC، لە لێدوانێکدا دەڵێت، دوای چەندین مانگ کارکردن و ئامادەکارییەکی ورد لەلایەن حەسەن حشمەت، ئەم پڕۆژەیە دەکرێت ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو و کار بۆ گەورەکردنی بکرێت.