لە پارێزگای مووسەنا گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە
5 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ دووشەممە2ی ئەیلوولی 2024، محەمەد هەیسەم، چالاکوانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، تیمێكی هاوبەش لە بەغدای پایتەختەوە دێن بۆ ڕۆژئاوای شارۆچكەی سەلمان لە پارێزگای موسەننا بۆ هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ، دیارترینیان لەو تیمانە خاچی سووری نێودەوڵەتی، مانگی سووری عێراق، پزیشكی دادوەری و دامەزراوەی شەهیدانە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو تیمانە دەستیان كرد بە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ كە شەش ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوە، ئێستا ڕەزامەندی بۆ دەستپێكردنی هەڵدانەوەی وەرگیراوە.
محەمەد هەیسەم باسیلەوەشکردووە، بە پێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان ،کە تەرمی كورد لە ناو ئەو گۆڕانە بێت، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام لەهەر حاڵەتێكدا پاشماوەكان دەگوازرێنەوە بۆ پزیشكی دادوەری بەمەبەستی دیاریكردنی ناسنامەكانیان.
دەشڵێت، زانیاریەكان ئەوە دەردەخەن كە ڕەنگە گۆڕەکە 79 بۆ 90 پاشماوەی قوربانیانی تێدابێت، بەڵام هێشتا زووە بۆ دیاریكردنی ئەو ژمارانە لەكاتێكدا چاوەڕێی پرۆسەی هەڵدانەوەی تەواوەتی گۆڕەکە دەكرێت.