zhyr

موزایەدەی دوای تەسلیمكردن.

3 هەفتە لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر

هاوڵاتی 

ئەو پرۆژانەی ئەمڕۆ لە كۆیە مەسرور بارزانیی رایگەیاندن، دەبوو 10 ساڵ بەر لە ئێستا تەواوكرابان. ئەمڕۆ بەخاتری بانگەشەی هەڵبژاردن بە مزگێنی بەگوێی خەڵكی هەولێر و كۆیەدا رادەدێرن وەك ئەوەی خەڵك نەزانێت ئەمڕۆ یەكەم رۆژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە و راگەیاندنەكەی یاریكردنە بەهەست و میزاجی خەڵك. 

ئەو رێگەیەی كۆیە دەبوو پێشتر بڕیاربەدەستانی یەكێـتیی لەحكومەت پێداگری تەواوكردنیان كردبا، بەتایبەت وەزیری رێگەوبان لە حكومەت یەكێتیی بووە نەك پارتی، خۆ هەر لەسەردەمی وەزیرەكەی یەكێتیی بوو رێگەوبانی دووسایدی هەولێر دهۆك و زاخۆ دەستی پێكرد و دواتر تەواوكرا!

هەر ئەمڕۆ بینیمان یەكێتیی كەوتۆتە هەڵمەتێكی راگەیاندن گوایە لە ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانیی بەمەسرور بارزانیی گووتووە كۆتایی بەئێوە دەهێنین! وەك ئەوە وایە خەڵك نەزانێت هەر ئەم دەستە حوكمڕانەی یەكێتیی لەسەر سینییەكی زێڕین 45 كورسیان كردە دیاریی پارتی تا زیاتر دەستبەسەر جومگەكانی حوكمڕانییدا بگرێت.

لەدوای هەڵبژاردنی 2018وە، بیرمانە نیوەشەو بوو چەند بڕیار بەدەستێكی یەكێتیی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، لەژێر هەڕەشە و چاوسوركردنەوەدا كادرانی یەكێتیان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ناچاركرد ئیمزا لەسەر45 كورسیەكەی پارتی و ئەنجامی ساختەی هەڵبژاردن بكەن! لە كاتێكدا تێكڕای حزبەكانی دیكە دژی ئەنجامی هەڵبژاردن بوون، هەر لەگۆڕانەوە بگرە تا ئیسلامییەكان و نەوەی نوێ‌..تد. ئەم ئیمزاكردنە لەسەر ئەنجامی ساختەی هەڵبژاردن ناڕەزایەتیەكی زۆری لەناوخۆی یەكێتیی دروستكرد. رۆژی دواتر پەیوەندیم بەبرادەرێكی بڕیاربەدەستكرد گوتم ئێوە نازانن لێكەوتەی ئەم 45 كورسیە چەندە هەڵەیەكی كوشندەیە، چونكە بڕینەوەی داری ژێر پێی خۆتانە و دیموكراسی و ڕێڕەوی حوكمڕانیی بەئارستەیەكی زۆر خراپ دەگۆڕێت و ژیانی خەڵكی كوردستان دەكاتە دۆزەخ! هەروەها ئەوەشم پێگوت کە پارتی دەكاتە تاكە حوكمڕانێكی رەها و ئەو حزبە گیرۆدەی غرورێكی زۆر دەكات. ئێوەش (مەبەستم یەكێتییە) بەهۆی ئەم ئیمزاكردنەوە، خۆتان و خەڵكی كوردستانتان كەلەپچەكرد و لەمەودوا نەك لەحكومەت، بەڵكو لەپەرلەمانیش ناتوانن رێگە لە پرۆژەكانی پارتی بگرن، چونكە بە 11 كورسی كۆتاكەوە دەبێتە 56 كورسی و هەرچی بیەوێت دەیكات. نمونەی یاری تاوڵەم بۆ هێنایەوە گوتم ئێوە شەش خانەی ئومێدتان لەخۆگرت، ئیدی دەبێ زاری دەستتان دانێن و چاوەڕێی مەرحەمەتی پارتی بكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار