ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات (تاراوگە): بەرەی گەل ئەو هێزەیە کە دەتوانێ سنورێک بۆ ئەو دوو حزبە نا بەرپرسەی هەرێمی کوردستان دابنێ
2 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات (تاراوگە)، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئێمە پێمان وایە بەرەی گەل بە رابەرایەتی لاهور شێخ جەنگی، ئەو هێزەیە کە دەتوانێ سنورێک بۆ ئەو دوو حزبە نا بەرپرسەی هەرێمی کوردستان دابنێ و ئەرکێکی لەوجۆرە کە سەختە ئاسان نییە، تەنهاو تەنها بە بەرەی گەل دەکرێ.
ئەوەشیان خستۆتەڕوو، ئێمە وەك بەشێک لە (لێپرسراوو ئەندامانی ڕێكخستنەكان و ڕێكخراوەدیمكراتیەكان و ڕایەڵەكانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەكان، ڕێكخستنە دێرینەكان، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، ژنانی شاخ و توێژی گەنجانی هەرێمی كوردستان لە تاراوگە) خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرابەر بەم دۆخە نالەبارەی كە سی و دوو ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەسەر خەڵكی هەریمیاندا هێناوە لە كاتیكدا ئێمە وەك خەباتگێڕانی ڕۆژگارە سەخت و تاریكەكانی گەلەكەمان خۆمان بە خاوەنی ئەو مافە دەزانین کە چیتر رێگە نەدەین خەبات و خوێنی ئێمە و هەموو خەباتگێرانی گەلەکەمان زیاتر بە لاڕیدا ببرێ و مەبەستمانە سنورێک بۆ ئەو بەدکاریانەی حزبەکانی دەسەڵات ، پارتی و هاوپەیمانەکەی کە یەکێتییە، دابنرێ.
ئاشکراشیانکردووە، ئێمە لەم وێستگە گرنگەی گەلەكەماندا كە لە باشوری كوردستان هاتوەتە ئاراوە و لە ڕۆژی ٢٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت، دەرفەتی گەورە لەبەردەم خۆمان و گەلەکەماندا دەبینین .
ئەنجومەنی پاڵپشتی لیستی بەرەی گەل لە دەرەوەی وڵات (تاراوگە)، دەشڵێن، هەر بۆیە وەك بەشێكی گرنگ و بەرچاوی كوردانی تاراوگە بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی بەرەی گەل و سەرۆكی لیستی بەرەی گەل كاك لاهور شێخ جەنگی، وە داوا لە سەرجەم خوشك و برایانمان دەكەین كە دانیشتوی تاراوگەن خۆیان و كەسوكاریان لە باشوری كوردستان ئاگادار بكەنەوە كە بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بكەن و دەنگ بەلیستی ١٦٩ی بەرەگ و كاندیدەكانی بدەن بە ئامانجی گۆڕانكاری ڕیشەیی لە حوكمڕانی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا.