هاوڵاتیانى هەرێم دەتوانن لەرێگای ئاپێکی تایبەتەوە داوای تاکسی بکەن -
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئازاد محەمەد سەرۆکی سەندیکای شۆفێران ڕایگەیاند، سیستمی کارکردنی تەکسییەکان لەسەری ساڵی نوێوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و شۆفێرانی تەکسی پابەند دەکرێن بە پەیڕەوکردنی سیستمێكی نوێوە.
سەرۆکی سەندیکای شۆفێران لەبارەی گۆڕانی سیستمی كاركردنی تەکسی لە هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێكەوتنێك لە نێوان کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كراوه بۆ هێنانی سیستمی تەکسی مەتر بۆ هەرێمی کوردستان. رونیشیكردەوە، بەپێی سیستمەکە هاوڵاتیان دەتوانن بە تەلەفۆن یان لەرێگای ئاپێکی تایبەتەوە داوای تاکسی بکەن، سەرەڕای بەستنی ئامێرێک لە ئۆتۆمبێلی تەکسییەکان تاكو بەپێی کیلۆمەتر کرێی تەکسی وەربگیرێت و لەدوای دانانی سیستمەکە، سیتییەکان بەپێی گەورەیی و بچووکیان تاکسی تایبەتیان بۆ دابیندەکرێت و هاوڵاتیان دەتوانن بەکاریانبهێنن. داواشی لە شوفێرانی تەكسی كرد كه بە شێوازی خۆ ویستانە ناوی خۆیان لە کۆمپانیاکە تۆماربکەن بەمەبەستی جێبەجێكردنی سیستمەكە، بەڵام لەدوای گەیشتنی سیستمەکە لەسەرجەم شارەکانی هەرێم شۆفێران پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی سیستمەکەوە.