كوردێك لە بەریتانیا بەتاوانی هەوڵدان بۆ كوشتنی هاوسەرەكی 21 ساڵ زیندانیكرا
3 ڕۆژ لەمەوپێش
كاوە ڕەش
-بەریتانیا سزای 21 ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر پێاوێكی كورد كە بەچەقۆ هێرشی كردووەتە سەر هاوسەرەكەی خۆی.
-لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا قوربانییەکە بەئەفسەرەکانی وتووە کەچۆن لە کاتی پەیوەندیی و ژیانی هاوبەشی بەزۆرەملێ کۆنتڕۆڵی کردووە.
هێزەكانی پۆلیس رایانگەیاند دادگایەكی بەریتانیا سزای 21 ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر پێاوێكی كورد كە بەچەقۆ هێرشی كردووەتە سەر هاوسەرەكەی خۆی.
پیاوێکی كورد بەناوی بارز فەیسەڵ تەمەن ٣٠ساڵ دوای چاودێری كردن و گەڕان بەدوای هاوسەری پێشووی خۆی سەرئەنجام لەنزیك قوتابخانەیەکی سەرەتایی بەچەقۆ هێرش دەكاتە سەرى و هەوڵی کوشتنی دەدات، بەو هۆیەشەوە دادگا سزای ٢١ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
بەپێی لێدوانی پۆلیس، ئەو پیاوە هیچ ناونیشانێکی دیاریکراوی نیشتەجێ بوونی نەبووە لەبەریتانیا، ئەو لە 21ی ئایاردا هێرشی کردۆتە سەر هاوبەشی پێشوويی، دوای ئەوەی لەسەرانسەری بەریتانیا چاودێریی كردووەو شوێن پێی هەلگرتووەو چەقۆی لێداوە.
لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا قوربانییەکە بەئەفسەرەکانی وتووە، کەچۆن لە کاتی پەیوەندیی و ژیانی هاوبەشی لەگەڵ بارز فەیسەڵدا بەزۆرەملێ کۆنتڕۆڵی کردووەو لەترسدا ژیانی بەڕێكردووە.
هەربۆیە بەتاوانی پەلاماردان بەچەقۆو هەوڵدان بۆ كوشتنی دادگای تاجی لوتۆن، سزای ٢١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە، لەگەڵ پێنج ساڵی دیکەش بە مۆڵەت.
قوربانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین جار هەوڵی داوە پەیوەندیی و ژیانی هاوبەشی لەگەڵ فەیسەڵ كۆتایی پێبهێنێت، بەڵام تاوانبار بەردەوام زۆرەملێی لێكردوەو بەدوایدا ڕۆیشتووە.
قوربانییەکە لەو كاتەوەی بەڕێگاوە بووە لەناوچەی لوتۆن، کاتژمێر 08:30، لە 21ی ئایار، نزیک قوتابخانەیەكی بنەڕەتی بەچەقۆ پەلامار دەدرێت و هەوڵی كوشتنی دراوە.
لە مانگی ئابدا بارز فەیسەڵ، دانی بەتاوانەکەیدا ناوە كەچاودێری هاوسەری پێشووی كردووەو هەوڵی کوشتنی داوە. لەگەڵ ئەوەش دانی بەوەدا ناوە، کەماددەیەکی تیغی تیژی هەڵگرتووە بۆ كوشتنی هاوبەشی پێشووی.
دادوەر، ئەلیسۆن هانتەر کەی سی، دەڵێ، ئەو هێرشە ترسنۆكانە و ترسناکە، مەبەست لێی تۆڵەسەندنەوە بووە.
دادگا ئاماژەی بەوەش داوە، كەچۆن قوربانییەکە لەبەر سەلامەتی خۆی، چەندین جار پەنای بۆ چەندین شوێنی جیاواز بردووە لەووڵاتدا، بەڵام بارز فەیسەڵ، جاسوسی و چاودێری بەسەردا کردووە.
هاوكات ئەیما پیتس، سەرۆکی یەکەی پاراستنی گشتی پۆلیس، لەهەرێمی بێدفۆردشایر، ڕایگەیاندوە، تاوانەكانی دەستدرێژی و توندوتیژی خێزانی، بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و هێزەکانمان پابەندن بە دادگاییکردنی تاوانباران.
ئەو خانمە ئەفسەرە دەڵێ، ئەوە هێرشێکی ترسناک و ترسنۆكانە بووە بۆ سەر ژنێک، كەبەڕۆژی ڕووناک لەلایەن پیاوێکەوە ئەنجامدراوە، تەنها بەهۆكاری ئەوەی پەیوەندی نێوانیانی ڕەتیکردەو كۆتای پێ هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ ژنێک هەرگیز شایەنی ئەوە نییە هەست بە نائارامی و ترس بکات.