خرۆشۆف و سەرکردایەتی هەلپەرست!

عەبدوڵڵای مەلا نوری

2 هەفتە لەمەوپێش



عەبدوڵڵای مەلا نوری

دوای ئەوەی ستالین دەمرێت، حزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت، کۆنگرە دەبەستێت.

لەو کۆنگرەیەدا، خرۆشۆف وتارێک پێشکەش دەکات و تێیدا زۆر بە خراپی باسی تاوان و کوشتوبڕی لە رادەبەدەری ستالینی هاوڕێی دەکات.

کە لە وتارەکە دەبێتەوە، یەکێک لە ئەندامانی کۆنگرەکە، بە بێ ئەوەی ناوی خۆی بنوسێت، لە سەر پارچە کاغەزێک، بۆ خرۆشۆف دەنوسێت: قوربان تۆ کە ئێستا زەمی ستالین دەکەی، ئەی ئەو کاتە بەڕێزتان چیتان دەکرد؟!

خرۆشۆفیش، نوسراوی سەر پارچە قاغەزەکە دەخوێنێتەوە و پاشان دەپرسێ: ئەم کاغەزە هی کێیە؟!

هیچ کەس وەڵام ناداتەوە و ناوێرێ خۆی بکات بە خاوەنی!

خرۆشۆفیش ساتێک دەوستێت و بزەیەک دەکات و دەڵێ: قوربان منیش هەر ئەو کارەم دەکرد، کە ئێستا ئێوە دەیکەن!

واتە خرۆشۆف، بەم چەشنە بە خاوەنی پارچە کاغەزەکە و ئامادەبوانی کۆنگرەکەی گوت: منیش ئەو کات لە ئاستی ستالیندا نەمدەوێرا هیچ رەخنەیەک بگرم.

بە دەربڕینێکی تر وەڵامەکەی خرۆشۆف وەک ئەوە وایە گوتبێتی: پۆست و دەسەڵاتی ئێستام بەرهەمی ترسنۆکی و بێ هەڵوێستی و هەلپەرستیمە، لە ئاستی تاوانەکانی ستالیندا!

جا زۆرینەی هەر زۆری سەرکردایەتی حزبی کوردی، لەم سەردەمەدا، لە چەشنی خرۆشۆف و کاورای خاوەنی پارچە کاغەزەکەن.

بۆیە ناتوانن رێ لە خراپە و هەڵەی سەرۆک و بنەماڵەکان بگرن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار