دوا وێستگە، چیتر مریشکەکە هێلکەی زێڕ ناکات !

محمد خۆشناو

3 ڕۆژ لەمەوپێش



محمد خۆشناو

ڕۆژێک دێت شەمەندەفەری کار دەگاتە دوا وێستگە و تەمەن هەڵدەکشێت و نزیکدەبێتەوە لە خانەنشینیی و مردن و ئەو مریشکەی هێلکەی ئاڵتونی دەکرد لەبەرهەمهێنان دەوەستێت و چیتر توانای کارکردنی نامێنێت بۆ هێنانەدی پارە یان مووچە بۆ بژێوی منداڵەکانی و ئەگەر پێشتر خێزانی کورد لەترسی نادیاری ئاییندە و پێداویستی قۆناخی ڕۆژانی ناخۆش، هەندێک پارەی پاشەکەوت دەکرد ، بەڵام ئێستا لەبەر بێبازاڕی و هاتن و نەهاتن و دواکەوتنی مووچە ئەوەی هەیبوو خەرجیکرد، کارکەران و مووچەخۆران بەیانیان بەشێوەیەکی سرووشتی لەخەو هەڵناستن بۆخۆئامادەکردن بەرانبەر بەروەڕووبونەوەی ژیان، بەڵکو کە هەڵدەستێت هەست بە سەرسوڕان و لەدەستدانی پارسەنگی و جوولە دەکات، هەستدەکات کە ژوورەکە لەدەوروبەری دەسووڕێتەوە، چونکە قورسایی تێچووی ژیان لە کرێی خانوو و پارەی غاز و ئاو و کارەبا و خۆراک و منداڵەکان و تەندروستی و جارجارەش میوانداری بۆتە کابوس لەسەری، بەڵام هەر ئەو قورساییەی ژیان بەس نیە بۆی، بەڵکو هۆکاری دەروونی و گۆڕانکاریشە، کە کار و ئیشت لەدەستدا چۆن هەوڵدەدەیت دابڕانێکی دەروونی لە ژیانی عەمەلی کە جێتهێشتووە بکەیت و چۆن ئەو قۆناخە دەبڕیت، ئەگەر پيشتر شۆڤینیزمی عەرەبی سوننە بە ئاگر و ئاسن هەوڵی لەناوبردن و بەچۆکدادانی کوردی دابێت، ئەوڕۆ شوفینیزمی عەرەبی شیعە لەڕێگەی بڕینی قووتی خەڵک و نانەوەی ناکۆکی دەیەوێت کورد بەچۆکدابدات، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە کە ئەوان ڕۆژان کورد دەسەڵات و ئیدارەی سەربەخۆی نەبوو وەک ئەوەی ئێستا کە هەیەتی، ناردن و نەناردنی مووچە پەیوەست نیە بە وەزیری دارایی و حکومەتی لاوازی عێراق و  لێدوانی کوردە موزایەدچیەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەمە دەوڵەتی قووڵی شیعەیە بڕیاردەدات و هێزی دەسەڵاتی ئەو حکومەتی عێراقی داماڵیوە، دەوڵەتی قوڵی شیعە و ئەوانەی پاڵپشتی ئەو دەڵەتەن چاک دەزانن کە دۆخی هەردوو حزبی سەرەکی چ کاولگەیەکە و هەرێمی کوردستان دووچاری ئیفلیجی سیاسی و دابەشبوونی قوڵ لەنێوان هێزە سیاسیەکان بووە بەجۆرێک هەر هەوڵێک بۆ ڕوودانی گۆڕانی جەوهەری ئاڵۆزبووە، ئێستا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەکوڵاندایە و واسەرلەنوێ لەڕووی جوگرافی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی تەشکیل دەکرێتەوە و هەروەها لەبواری ئاسایشی نەتەوەیشدا و لەوانەیە ئەو گۆڕانە ستراتیژیە دوور مەودا و نزیک مەودا و قۆناخ بە قۆناخبن، بەڵام زۆر بەداخەوە بێباکی سیاسی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە ڕووی جیۆسیاسیەوە ڕێگای واڵاکردووە بۆ شێرپەنجە کە بێکۆنتڕۆلکردن گەشەبکات و بێچارەسەرکردن بچێتەناو جەستەی کورد و وا لە دەسەڵاتی کورد بکات توانای بەرگریکردن بەرانبەر ئەو عێراقە لاوازەی نەبێت کە بە قەیرانی دارایی و قوڵکردنەوی ململانێی ناوخۆ و جەنگی دەروونی مووچە هات و نەهات ئابڵوقەت بدات، ئەوان باش دەزانن کە قەیرانی ئابووری، قەیرانی سیاسی بەدوادادێت و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، من پسپۆری ئابووری نیم، بەڵام دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی و بەیەکگرتوویی چەکی تر بەکاربێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و هێنانەدی دەسکەوتی مەزن لەو کاتەی ئێستادا کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕاندایە، دەبێت دان بەوە بنێین کە بەدرێژایی ميژوو خۆمان قوربانی دەستی خۆمان بووینە و نابێت ئەمە بخەینە ئەستۆی ناحەزانمان و هەرکاتێک هەلێکی زێڕین بۆ کورد هاتبێتەپێش خۆمان لەبەر بەرژەوەندی تەسک تێکمانداوە، ئێستا گۆڕانکاری لە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، هەقە سەرکردەکانی کورد پەند لە هەڵەکانی ڕابردوو وەرگرن و ئەو فرسەتە زێڕینە کە بۆ کورد هاتۆتە پێش بقۆزنەوە و هەموو لایەک بە ئیرادە و یەکگرتوویی لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە بۆ دانانی بەرنامەیەکی تۆکەمەی هەمەلایەن بۆ هەموو بوارەکان و چیتر کورد و کوردستان نەبێتە قوربانی و ڕێگەگرتن لەوەی کە مووچە پەیوەستبکرێت بە داخستنی پەردەی ژیان .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار