رۆژئاوا چۆن رزگاربوو. پێشبینی داهاتووی ناوچەكە

سەرتیپ جەوهەر

2 ڕۆژ لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر

لە 9ی ئاداری 2011 بەهۆی گرتنی ژمارەیەك مێرد منداڵ بەهۆی نوسین لەسەر دیواری خوێندنگەكەیان لەشاری درعای باشوری سوریا، بڵێسەی ناڕەزایەتی دژی رژێمی ئەسەد دەستی پێكرد. لەبەرامبەردا رژێمی ئەسەد دڕندانە رووبەرووی كەسوكاری ئەو خوێندكارانە بوویەوەو بووەهۆی كوژرانی ژمارەیەك هاوڵاتیی. ئەم رووبەرووبونەوانە بووە هۆی كڵپەی بەهاری عەرەبی لەسوریا.

رۆژانی یەكەم خۆپێشاندەران داوای چاكسازیی لەحوكمڕانیی دەكرد، بەڵام زۆر خێرا گروپی چەكداریی دروستبوون و ئیدی دروشمی خۆپێشاندانەكان گۆڕا بۆ رووخان و رۆیشتنی رژێمی ئەسەد. دوای ماوەیەكی كەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەكان شارە كوردستانیەكانیشی گرتەوە. بڵێسەی ئەو خۆپێشاندانانە دوای چەند هەفتەیەك گەیشتە رۆژئاوای كوردستان و لەیەك كاتدا لەشاری قامیشلۆ و عامودا سەریهەڵدا.

بەماوەیەكی زۆر كەم دوای خۆپێشاندانەكان توركیا چوارچێوەیەكی سیاسی و چەندین گروپی تیرۆرستی بەناوی ئۆپۆزسیۆن دروستكرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچە كوردستانیەكانی سوریا. هاوكات چوارچێوەیەكی سیاسیشی بەناوی هاوپەیمانێتی ئیئتیلافی سوریا لەناوەڕاستی 2011 بۆ دروستكردن؛ گوایە ژمارەیەك حزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆنن كار بۆ رووخاندنی رژێمی سوریا دەكەن. لەگەڵ دروستكردنی ئەو چوارچێوەیە لەلایەن توركیا، چوارچێوەیەكی دیكە لە هەولێر بەناوی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لەسوریا (ئەنەكەسە) لە 26 ئۆكتۆبەری 2011 لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەنرا كە ژمارەیەك حزب و لایەنی رۆژئاوای كوردستانی لەخۆدەگرت كە نزیكی پارتی بوون. ئەو ئەنجومەنە بووە ئەندام لەو هاوپەیمانێتیەی كە توركیا پێشتر دروستیكردبوو بەناوی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەكانی سوریا، پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) كە لەكۆتایی 2003 و سەرەتای 2004 لەلایەن پەكەكەوە بۆ سوریا دروستكرابوو، گروپی گەنجان و رێكخستنی لەشارەكانی رۆژئاڤا دروستكردبوو بۆ خۆپێشاندان و كۆنترۆڵكردنی ناوچە كوردستانیەكان. واتە پێشوەختە رێكخستنەكانی پەیەدە دەستیان بەجموجۆڵ كردبوو، بەفیعلیش دەستیانكرد بەخۆپێشاندان و جوڵاندنی خەڵك، ئامادەبوون بۆ رزگاركردنی ناوچە كوردستانیەكان.

حكومەتی سوریا بۆ دوورخستنەوەی مەترسی توركیا و داگیركردنی سنورەكان و كەمكردنەوەی فشاری داواكاری خەڵك بۆ رووخانی رژێمی ئەسەد، سەرەتا لەڕێی ئێرانەوە گفتوگۆی لەگەڵ پارتی و یەكێتیی كرد بۆ ئەوەی 10 بۆ 15 هەزار پێشمەرگەی باشوری بهێننە شارە كوردستانیەكان بۆ پاراستنی ئەمنیەت و دوای ماوەیەك بگەڕێنەوە، بەڵام توركیا بەو پلانەی زانی و رێگری لەو پلانەكرد. بەپێی ئەو زانیاریانەی هەبوون ئەوكاتە، ئێران پلانی (B)ی خستەكار ئەویش بەناچاریی گفتوگۆكردن بوو لەگەڵ پەكەكە بۆ ئەوەی بتوانن هاوكاربن. ئەوەبوو ئاسانكاریكرد بۆ پەیەدە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە كوردستانیەكان لەلایەن رێكخستنەكانیانەوە. چونكە پێیانوابوو دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ ئەو هێزەدا بكەن، لانیكەم هەندێك شت بپارێزن.

سەرەتای خۆپێشاندانەكان گروپە نزیكەكانی توركیا واتە گروپە عەرەبییە شۆڤینیەكان لە قامیشلۆ و شارە كوردیەكان جگە لەبەرزكردنەوەی دروشمی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەیانویست پشێوی لەگەڵ كورد بنێنەوە. خۆپێشاندەرانی كوردیش جگە لەداواكاری چاكسازیی لە حوكمڕانیی، داواكاری گەیشتن بەمافی نەتەوەییان دەكرد ئەمەش جیاواز بوو لەدروشمی گروپەكانی نزیك توركیا، ئەمە وایكرد حكومەتی سوریا بیر لەوەبكاتەوە گفتوگۆ لەگەڵ كورد بكات تاوەكو لایەنی كەم لەڕێی كوردەوە پەرژینێك یان ناوچەیەكی تامپۆن لەبەرامبەر توركیا لەناوچە سنوریەكان دروستبكات و رێگە لەتوركیا بگرێت دەستوەربداتە سوریا، لەبەرامبەردا هەندێك مافی كلتوریی بداتە نەتەوەی كورد. چونكە ئەسەد دەیزانی كە كورد بەرگری لەخاكی خۆی دەكات.

ئەوە بوو سەرەتا رێكخستنەكانی پەیەدە کە چەكی سوكیان بەردەست بوو. رێكخستنەكانیان ناونابوو ئەنجومەنی لاوان و گەنجان كە ئەوكاتە ئەوان پێیان دەگوتن (تنسیقیات). حكومەتی سوریا چاوپۆشی لە رێكخستنەكانی ئەو حزبە كرد. دوای زیادبوونی فشاری توركیا و زیادبوونی ناڕەزایەتیەكان و گەشەكردنی گروپە ئیسلامیی و عەرەبیە شۆڤینیە توندڕەوەكان؛ حكومەتی سوریا لەناوچە سنوریەكان كشایەوە، دواتر چەندین ناوچەی دیكەی بەبێ‌ شەڕ و بەڕێككەوتنی رانەگەیەنراو رادەستی ئەو رێكخستن و هێزەكرد كە پەیەدە دروستیكردبوو، دواتر ناونرا یەكینەی پاراستنی گەل (یەپەگە)، جگە لە چەند ناوچەیەك لە ناوەڕاستی قامیشلۆ و ناوەڕاستیی حەسەكە كە ناونرابوون (مربع الامنی) كە رژێم تێیاندا مایەوە. ئیدی ئەو هێزەی كورد بووە هێزی سەردەست لە رۆژئاوای كوردستان و ئاسایشی هەموو ناوچەكانی گرتە دەست، ئەمەش ترسێكی زۆری لای توركیا دروستكرد.

بۆ سەرەتای 2012 پەیەدە لەڕێی ئەو هێزەی دروستیكردبوو زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانی كۆنترۆڵكرد كە زۆرینەی كوردنشین بوون، بەڵام ئەو ناوچانەی عەرەبنشین یان زۆرینەی عەرەب بوون، كەوتە دەست هێزەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆن، لە سەرێ‌ كانیەوە تا دەگاتە گرێ سپی بەرەو كۆبانێ كە لێواری سنوری كوردستانی باكورە. لە ساڵی 2012 بە پیشتیوانی توركیا، هێزێكی ئۆپۆزسیۆن هەوڵیاندا پەلاماری چەند شارۆچكە و گوندێك لە سەرێكانیەوە بدەن، بەڵام خێرا بەرپەرچ درانەوە و سەركەوتوو نەبوون.

لەپاڵ بوونی ئیدارەی دەوڵەت كە سەر بەرژێمی سوریابوو، لە 21ی كانونی دووەمی 2012 پەیەدە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانی بەناوی رێڤەبەری خۆسەر راگەیاند، واتە هەم دامودەزگاكانی دەوڵەتی دیمەشق هەبوون و هەمیش ئەو رێڤەبەرایەتیەی كورد هەبوو.

لە 2013 بەرەی تیرۆرخوازی نوسرە لە ڕێگەی چەند هۆزێكی عەرەبیی بەتایبەت هۆزی (تەی) هەوڵیدا پەلاماری چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان بدەن، هێزەكانی یەپەگە روبەڕویان بونەوە و رێگەیان لەو هەوڵە گرت. لە 2014 هێرش و پەلاماری یەپەگە بەرەو كۆبانی دەستی پێكرد و توانیان لەسەرێكانیەوە تا كۆبانیی ئازاد بكەن و دەریان بكەن. دواتر ئاراستەی پەلامارەكانیان بەرەو باشوری قامیشلۆ گۆڕیی و توانیان چیای كەزوان كە عەرەب كردبویان بە جەبەل عەبدولعەزیز بەرەو رۆژهەڵات تا سنوری باشوری كوردستان ئازاد بكەن.

ئەو ناوچانە لەژێر هەژموونی هێزەكانی كورد (یەپەگە) مانەوە. دواتر گروپی تیرۆرستی داعش دروست بوو، دەستیگرت بەسەر رووبەرێكی بەرفراوانی سوریا، بەڵام ئەو هێزانەی یەپەگە رووبەروویان بوونەوە و هێدی هێدی ناوچەی جیاوازیان لێ دەستاندن و كۆنترۆڵیان دەكرد.

سەرەتای راپەڕینەكان، لە رۆژئاوای كوردستان چوارچێوەیەكی دەستوریی دانپێدانراو نەبوو، هەروەك سازانی نیشتیمانیی و چوارچێوەیەكی سیاسی بۆ لەخۆگرتنی حزب و لایەنە سیاسیە كوردییەكانیش نەبوو. ململانێی پەیەدە و ئەنەكەسە بووە دەستپێكی كێشەوململانێی سیاسی رۆژئاوای كوردستان. لە 2012 بۆ 2014 چەندین دیدار و رێككەوتننامەكران، بەڵام هیچی سەرینەگرت و جێبەجێ نەبوون.

دوای چەند ساڵێك ئەو هێزەی رۆژئاوای كوردستان (یەپەگە) پەیوەندی لەگەڵ دامودەزگا موخابەراتیەكانی فەرەنسا و ئەمریكا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی و ناوچەكە بۆ دروستبوو. فەرەنسیەكان لەكۆتایی 2014 یەكەم تیمی پشكنین و بەدواداچوونیان رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرد، ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ پەیوەندی پەیەدە و رێڤەبەری خۆسەر لەگەڵ وڵاتان لەسەر ئاستی ئەمنی دژ بە داعش و گروپە چەكدارە تیرۆرستەكان.

لە 10ی ئۆكتۆبەری 2015 هێزێكی نوێ‌ بەناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات دروستكرا، ئەم هێزە سەربازییە جگە لە كورد، عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەشی لەخۆگرت بەفەرماندەیی مەزلوم عەبدی. دروستكردنی ئەم هێزە، سەرەتایەكی نوێ‌ بوو بۆ رۆژئاوای كوردستان، چونكە هێزەكە رۆڵی هێزێكی سەربازیی یەكگرتووی بینی و فەرماندەكەشی (مەزلوم عەبدی) جگە لە رۆڵی فەرماندەیەكی سەربازیی سەربازیی، هاوكات رۆڵی رابەرێكی سیاسیشی بینی، ئەمەش وەك دیفاكتۆ باری رۆژئاوای كوردستانی كەمێك سوككرد بە هۆی نەبوونی چوارچێوەیەكی سیاسی و نیشتیمانیی كە لایەنەكان كۆبكاتەوە. دوای ئەوە ئەمریكا و وڵاتان وەك دیفاكتۆ لە غیابی هەڵبژاردن و چوارچێوەیەكی سیاسی، مامەڵەیان لەگەڵ مەزلوم عەبدی دا كرد وەك مەرجەع و رێبەری رۆژئاوای كوردستان.

ئەو هێزەی چەكدارەی كورد رۆڵی زۆر كاریگەری بینی لە رزگاركردنی شاری كۆبانێ لە ناوەڕاستی 2015 كە ببووە تەحەدایەكی گەورە بەرامبەر توركیا و تیرۆرستان. كەوتنی كۆبانێ سەرەتایەك بوو بۆ لەناوبردنی قۆناغ بەقۆناغی داعش و بەرفراوانبوونی سنوری جوگرافی رۆژئاوای كوردستان تا لە ئازاری 2019 گەیشتنە شارۆچكەی باغۆز لە باشوری رۆژهەڵاتی فورات. بە رزگاركردنی باغۆز لە تیرۆرستانی داعش، نزیكەی تەواوی رۆژهەڵاتی فورات كەوتە دەست هێزەكانی سوریای دیموكرات.

لەماوەی 12 ساڵی رزگاركردنی رۆژئاوای كوردستان، سەرەتا ناوی ئەو رێڤەبەرییە (رۆژئاوای كوردستان) بوو، دواتر رێڤەبەری خۆسەر گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی فیدرالی رۆژئاوا/ باكوری سوریا) دواتر لە 6ی ئەیلولی 2018 بەڕێوبەرانی ئەو ناوچەیە دروشمێكی نوێیان بەرزكردەوە و ناوی ناوچەكەیان كردە (رێڤەبەری خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا) هەردوو وشەی (فیدرالیی و رۆژئاڤا)یان هەڵگرت.

دوای زیاتر لە 13 ساڵ بەردەوامبوون لەدۆخی دیفاكتۆی سوریا، بەڕێككەوتنی وڵاتانی زلهێز و ناوچەكە، دەستەی تەحریری شام بەسەرۆكایەتی محەمەد جۆلانیی (ئەحمەد شەرع) دەستیكرد بە پەلاماردنی رژێمی ئەسەد و لە 8ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ رژێمی بەعس روخاو بەشار ئەسەدی سەرۆكی رژێمەكە بەرەو روسیا هەڵات. هێزەكانی سوریای دیموكراتیش تەواوی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوراتیان خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و ئازادیان كرد.

رووبەر و ژمارەی دانیشتوانی رۆژئاوای كوردستان

ئێستا ئەو رووبەرەی لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتە لەنێوان 45 بۆ 48 هەزار كیلۆمەترە كە دەكاتە نزیكەی 26% خاكی سوریا. ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی جۆلانیدایە بە ناوچەی سوەیداوە 127 هەزار كیلۆمەترە؛ واتە نزیكەی لە 69%ی خاكی سوریا، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر هێزەكانی جۆلانی (دەستەی تەحریری شام) لەنێوان 4 بۆ 4.5 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەژێر كۆنترۆڵدا بوو، كە دەیكردە نزیكەی 2.5%ی خاكی سوریا. هاوكات ئەو ناوچانەی ئێستا لەلایەن توركیا و گروپە تیرۆرستەكانی سەربەتوركیاوە لەناو سوریا داگیركراوە دەگاتە 9 بۆ 10 هەزار كیلۆمەتر، كە دەكاتە نزیكەی 5.5% ی رووبەری سوریا.

بەپێی ئاماری ناڕەسمیی، ئێستا ژمارەی دانیشتوانیی سوریا سەروو 25 ملیۆن كەسە. ژمارەی دانیشتوانیی رۆژئاوای كوردستان لەنێوان 4.5 ملیۆن بۆ 4.8 ملیۆن كەس دەبێت، واتە لەنێوان 18% بۆ 19%ی دانیشتوانی سوریا.

لەبیریشمان نەچێت كورد لە سوریا، بەشێوەیەكی سەرەكیی لەناوچە سنوورییەكانی نێوان باكور و رۆژئاوای كوردستانن كە لەمێژوودا پێی گوتراوە (بن خەت) و لە شاری دێركەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە رۆژئاوای عەفرین. زۆربەی شارەكان بە سنورەكانەوە نوساون یاخود چەند كیلۆمەترێك لە سنورەكانەوە دوورن، بەتایبەتیش حەسەكە. ژمارەی دانیشتوانی كورد لە سوریا بەتەواوی دیار نییە، بەڵام دابەشبوون بەسەر سێ‌ ناوچەدا:

یەكەم: سنوری رۆژئاوای كوردستان، واتە ئەو سنورەی كە لەدێركەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە شاری كۆبانێ و گەورەترین شاریش حەسەكەیە كە ناوەندی پارێزگای حەسەكەیە. ژمارەی دانیشتوانی كورد لەو ناوچەیە نزیكەی 2 ملیۆن كەس دەبێت. بەهۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری كوردی عەفرین و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی عەفرین، كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەوە زیاترە كە دەخەمڵێنرێت، بۆیە بەپێی خەمڵاندنی ناڕەسمیی ژمارەی كورد لەنێوان 28% بۆ 33% باكوری رۆژهەڵاتی فورات دەبێت.

دووەم: كورد لە شام. لەوێش ژمارەی كورد روون نییە، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە ژمارەی كورد دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن. لە شام دوو دانیشتوانیی كورد هەن. یەكەمیان ئەوانەن كە لەمێژە لە شام نیشتەجێن و مێژووی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبیی و كۆنتر. ئەوانە لە گەڕەكی كوردان (روكنەدین) نشتەجێن، ئەوانە زۆربەیان زمان و فەرهەنگی كوردییان لەبیرچۆتەوە تەنها ناوی خێزان و باوانیان بەكوردی ماوەتەوە. بەشەكەی دیكەیان ئەو كوردانەن كە مێژووی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی بەر لە 70 ساڵێك. ئەو كوردانە بەهۆی راگوێزانی بەزۆر لە سەردەمی بەعس و بەهۆی نەبوونی و كاركردن و خوێندنەوە هاتوونەتە شام. ئەوانە زمان و فەرهەنگی كوردەوارییان بیرنەچۆتەوە و پەیوەندییەكی توندیان لەگەڵ شارە كوردستانییەكان هەیە و هاتوچۆی كەسوكاریان لەشارە كوردستانییەكان دەکەن.

سێیەم: حەلەب و باكوری حەلەب. ئەو كوردانەی لە هەردوو گەڕەكی گەورەی حەلەب (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) نیشتەجێن، هاوكات ئەو كوردانەی لە عەفرین و دەوروبەری و بەشێكیشیان لە رۆژئاوای عەفرین لە چیای كوردان (جەبەل ئەكراد) نیشتەجێن. بە پێی خەمڵاندن ژمارەی كورد لەو ناوچەیە دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن.

سەرئەنجام ژمارەی كورد لە سوریا بەپێی خەمڵاندنی ناڕەسمیی، بەهەر سێ‌ ناوچە دەگاتە نزیكەی 4 ملیۆن كورد لە سوریا، واتە ژمارەی كورد لە سوریا دەگاتە نزیكەی 12%ی دانیشتوانی سوریا.

چارەنوسی رۆژئاوای كوردستان دوای رووخانی ئەسەد

بەدڵنیاییەوە گرنگترین پرسیار هەموومان بیكەین چارەنوسی رۆژئاوای كوردستانە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد. وڵامی ئەم پرسیارە زووە و زەحمەتە، بەڵام دەكرێت كورتەی شیكارییەك بخەینە روو، واتە ئەگەر و پێشهاتەكان بخەینە روو.

بە پێی ئەو بارودۆخ و گۆڕانانەی دەیبینین، رێكخستنەوەی سوریا زۆر زەحمەتترە لەوەی پێشبینی دەكرا. ئەو گرفتانەی بەردەم سوریای دوای ئەسەد و حوكمڕانانی نوێی ئەو وڵاتەن بریتیە لە:

یەكەم: چارەسەركردنی گرفتی ناوچە داگیركراوەكانی توركیا. ئاسان نییە توركیا بەمزوانە دەستبەرداری ئەو گروپە چەكدارانە بێت كە نزیكەی لە 5.5% خاكی سوریایان بەدەستە.

دووەم: چارەسەركردنی پرسی كورد كە ئێستا زیاتر لە چارەكێکی خاكی سوریای بەدەستە و خاوەنی هێزێكی 120 هەزار چەكدارییە و پشتیوانییەكی گەورەی ئەمریكا و ئەوروپای هەیە.

سێیەم: چارەسەركردنی گرفت و داخوازیی دروزەكان كە نزیكەی لە 5%ی سوریا پێكدێنن. ئێستا هێزی چەكدار و ناوچەی جوگرافیی و رابەرێكیان هەیە بەناوی شێخ حیكمەت هیجری.

چوارەم: چارەسەركردنی گرفتی عەلەوییەكان دوای رووخانی ئەسەد. ئەو پێكهاتەیە كە نزیكەی لە 11% بۆ 12%ی دانیشتوانی سوریا پێكدێنن. هەم ئێران پشتیوانیان دەكات و هەمیش خاوەنی مەرجەعیەتێكی داخراوی عەلەوین.

پێنجەم: پرسی نوسینەوەی دەستور یەكێك دەبێت لە كێشە زۆر ئاڵۆزەكانی داهاتووی ئەو وڵاتە، چونكە پێویستی بەلێزانیی و وردەكاریی زۆر هەیە، بەتایبەتیش ئەو گروپەی ئێستا سەردەستن، ئیسلامیی رادیكاڵن، رێككەوتن لەسەر شێوەی بەیەكەوە ژیانی گروپە ئیتنی و سیاسیەكان زۆر زەحمەت دەبێت.

سەرباری ئەو گرفتانەی بەردەم سوریا بە گشتیی و حوكمڕانانی ئێستای دیمەشق، بەڵام گەشبینیەك سەبارەت بە داهاتووی كوردستان هەستی پێدەكرێت لەبەر ئەم هۆكارانە:

یەكەم: رووخانی ئەسەد بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختە بوو. دوای رووخانی ئەسەدیش هەڵسوكەوتی جۆلانیی و گروپی تەحریری شام گۆڕانی زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە، پێدەچێت سنورێكیان بۆ دانرابێت و رێنەدرێـت دەربازی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بن. هەرچەندە هەموو چاودێران پێیانوایە جۆلانی گورگە لەپێستی مەڕدا و نایەوێ ئێستا هیچ لێدوانێك یان جموجۆڵێك بكات دەرگای كێشەی زیاتر لە خۆی بكاتەوە، بەڵام ئەگەر هێزی هاتەوەبەر ئەوا دەیەوێت هەموو سوریا بخاتە ژێر ركێفی خۆی و ئایدۆلۆژیای رادیكاڵانەی خۆی جێبەجێبكات. لە چەند رۆژی رابردوو لە فرۆكەخانەی زومێر لە گوندەواری دیمەشق كۆبونەوەیەكی رانەگەیەنراو لە نێوان مەزلوم كۆبانێ و جۆلانی بە ئامادەبوونی ئەمریكاییەكان کرابوو، بەڵام ئەنجامەكەی باش نەبوو، چونكە لەلایەك جۆلانی بڕوانەبوونی خۆی بەفیدرالیی بەئاشكرا دەربڕی بوو، لەلایەكی دیكە بە عەقڵیەتی دەوڵەتێكی مەركەزیی تێروانینی خۆی بۆ ئایندەی سوریا دەربڕیبوو. دەكرێت وردەكاریی ئەمە كاتێكی دیكە باس بكرێت.

دووەم: ئەو هێزەی كۆنترۆڵی دیمەشقی كردووە هێزێكی ئیسلامیی سیاسیی رادیكاڵە، وڵاتانی ئەمریكا و ناوچەكە بە تایبەت ئیسرائیل لێی دڵنیا نین، بۆیە پێویستیان بەهێزێكی دیكەی هەیە لەناو سوریا بۆ پارسەنگكردنی هێز و دڵنیایی لە هەڵسوكەوتی تاكڕەوی دەسەڵات لە دیمەشقدا، بۆیە بە هەموو ئەگەرێك دەست بە كورد یان هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە دەگرن كە هێزێكی علمانی چەپە.

سێیەم: رێگریكردن لە توركیا و ناردنی هێز بۆ كۆبانیی تا توركیا لە رووباری فورات نەپەڕێتەوە، ئاماژەیەكی روونە كە سنوری ئێستای رێڤەبەری خۆسەر، ناوچەیەكی فیدراڵیی یان رێڤەبەری خۆسەرە و سنورەكەشی رۆژهەڵاتی فوراتە. خستنەخوارەوەی فرۆكەی بێفرۆكەوانی بەیرەقداری تورك لە ماوەی چەندرۆژی رابردوو لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و گواستنەوەی هاوكاریی سەربازیی لەڕێی دەروازەی قائیم لە عیراقەوە ئاماژەیەكی روونە كە ئەمریكا رێگا بەتوركیا نادات سنوری روباری فورات ببەزێنێت و ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان داگیربكات.

چوارەم: هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك باشترین هێزی هاوبەش و شەریكی ئەمریكا دەبینرێن، ئەمریكا پێویستی بەو هێزە هەیە تاوەكو لانیكەم بەشێكی سوریا لە هەژموونی توركیا بپارێزێت كە ئێستا خەریكە دەست بەسەر دیمەشقدا بگرێت.

پێنجەم: بە نزیكەی لە 90%ی نەوت و گازی یەدەگ و دۆزراوەی سوریا دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، بۆیە ئەمریكا هەم بۆخۆی و هەمیش بۆ ئەوەی نەكەوێتە ژێر دەستی دیمەشق پێویستی بە پاراستنی ئەو ناوچەیە هەیە.

بەكورتی چارەسەربوونی پرسی كورد لە سوریا كاتێكی زۆری دەوێت. لەلایەك كورد پێویستی بەوە هەیە لە دەستوری نوێی سوریا بەروونی جێگەی بكرێتەوە و مافەكانی بەروونی دەستنیشان بكرێت و دەسەڵات و هێزە سەربازییەكەی (هەسەدە) بپارێزێت. لەلایەكی دیكەوە پێویستی بە یەكلاییكردنەوەی ئەو سنورە جوگرافییە هەیە كە ئێستا لەژێر هەژموونی ئەودایە و هێشتا دەسەڵاتدارانی دیمەشق هیچ لێدوانێكی یەكلاكەرەوەیان نەداوە سەبارەت بەتێگەیشتنیان بەچۆنیەتی ژیان لەگەڵ كورد. لەبیریش نەكەین توركیا بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات هەرچی هەوڵ هەیە لەباری ببات كە بە ئاراستەی داننان بەمافی كورد و فیدرالیەتی رۆژهەڵاتی فوراتدا کار دەکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار