وەزارەتی كارەبا: خواست لەسەر کارەبا زۆربوە، بەڵام دۆخەکە باش دەبێت
2 هەفتە لەمەوپێش
وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر كارەبا 7500 مێگاواتی تێپەڕاندوە لەكاتێكدا بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم تەنیا 3500 مێگاواتە. لەگەڵ ئەوەش دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان كە "دۆخی کارەبا بەرەو باشبون دەچێت."
لە راگەیەندراوێكدا، ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا 7500 مێگاواتی تێپەڕاندوە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا 3500 مێگاواتە.
لە کابینەی نۆیەم 1500 مێگاوات زیاد کراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا 460 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیاد بون و خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و كارگە پیشەسازییەكانی دیكە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر کارەبا زیاتر بوە.
وەزارەتى کارەبا، ئەوەشی خستۆتەڕوو "هاوکات نەخۆشخانەکان و پرۆژەکانی ئاو و دامودەزگا ئەمنییەکان و بەندیخانە و خاڵە سنورییەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە، بۆیە تێکڕای کاتی پێدانی کارەبا لە ساڵی (2024) 12:44 کاتژمێر بوە."
ئاماژەی بەوەشداوە "تێچونی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناو قەیرانی دارایی و کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەغاز؛ ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنیان بۆ سەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروست کردوە.
وتوشیەتی"وەزارەتی كارەبا بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا وێڕای زیادكردنی ئەو 1500 مێگاواتە، تەنیا لە سێکتەری گواستنەوە زیاتر لە دەیان وێستگەی گواستنەوەو گۆڕین و مۆبایلی کارەبای لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان دامەزراندوەو بەدرێژایی 350 كیلۆمەتر هێڵی کارەبای 132 كەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز و 33 كەی ڤی راكێشاوەو سەدان پرۆژەی دیكەی لە تۆڕی دابەشكردنی ناوخۆ بونیات ناوەو کارەبای گەیاندوەتە سەرجەم ناوچەو گوندە دورە دەستەکانی هەرێمی كوردستان."
وەزارەتەكە لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی"هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی كارەبا دایناوە، لە ڕێگەی سیستەمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی روناكی 24 كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبون دەچێت."