بایدن ئەمشەو وتارى ماڵئاوایی پێشکەش دەکات

3 هەفتە لەمەوپێش



لەکاتێکدا کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، جۆو بایدن بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی ماڵئاوایی، لیستێکی درێژی دەستکەوتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی لە بوارە جیاجیاکان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە شێوەی ڕاپۆرتێکدا خستەڕوو.
46 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی نامەکەیدا ڕایگەیاندووە، خاوەنی بەهێزترین ئابووری جیهانین و 16 ملیۆن و 600 هەزار هەلی کاری نوێمان بە شێوەیەکی پێوانەیی ڕەخساندووە. مووچە زیاد بووە. هەڵاوسان بەردەوامە لە دابەزین.

بایدن ئاماژەی بەوەشکردووە "خۆمم کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، چونکە باوەڕم وابوو ڕۆحی ئەمەریکا لە مەترسیدایە. جەوهەر و ناسنامەی ئێمە لە مەترسیدا بوو و ئەم پرسە هێشتا بەردەوامە، خزمەتکردنی ئەم گەلە بۆ من زیاتر لە 50 ساڵ شانازی ژیانم بووە، دڵ و گیانم بەخشیوە بەم گەلە.

لەبەشێکى دیکەى نامەى ماڵئاواییدا بایدن، ڕوو لە گەلی ئەمەریکا کرد نووسیوێتی "مێژوو لە دەستی ئێوەدایە. دەسەڵات لە دەستی ئێوەدایە.
لە دریێژەی نامەکەدا بە کورتی ئاماژە بە کارەکانی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن کراوە، بە تایبەت لە پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە کە هەندێکیان بریتین لەمانەی خوارەوە؛

درێژترین شەڕ لە مێژووی ئەمریکادا، ئاماژەیەک بۆ شەڕی ئەفغانستان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە.
پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە زیاتر لە 50 وڵات بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا، پێشکەشکردنی هاوکاری ئابووری و دارایی بۆ ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی و سەپاندنی تێچوون بەسەر ڕووسیادا.
سڕینەوەی سەرکردە تیرۆریستییەکان لە بەرەکانی شەڕ، لەوانە ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی ئەلقاعیدە و ژمارەیەکی دیکە، وەک ئۆپەراتیڤە سەرەکییەکانی داعش.

بەهێزکردنی پێگەی کێبڕکێ و بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانە کێبڕکێ لەگەڵ چین.
گەڕاندنەوەی زیاتر لە 75 هاووڵاتی ئەمریکایی کە بە ناڕەوا لە زیندانەکانی دەرەوەی وڵات ڕاگیرابوون.
سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکی وڵاتان بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر، کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشتیوانیی هێزە بە وەکالەتەکانی سەدان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بایدن بووە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە لە سەردەمی جەنگدا سەردانی ئیسرائیل بکات.

بایدن کاری کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بریتی بێت لە ئازادکردنی ئەو بارمتانەی  لەلایەن حەماسەوە دەستیان بەسەردا گیرابوون، لەنێویاندا ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکان، هەوڵی داوە بۆ دامەزراندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و ڕەخساندنی زەمینە بۆ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە و کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
هەروەها لە نامەکەدا باس لە ئێران کراوە، بایدن هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دروست کردووە و دەڵێت ئەمڕۆ بەهۆی پاڵپشتی بایدن لە ئیسرائیل، ڕژێمی ئێران لاوازتر و زیاتر بەر گوشار کەوتووە لە چاو ئەو کاتەی کە بەرێوبەرایەتی بایدن چوار ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد و بریکارەکانی لەوان حوسییەکان و حزبوڵا و حەماس لاوازتر بوون.
بڕیارە ئێوارەی ئەمرۆ، چوارشەممە، جۆو بایدن وتاری ماڵئاوایی خۆی پێشکەش بکات، وتارە تەلەفزیۆنییەکە ڕاستەوخۆ لە میدیاکانەوە پەخش دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ناوەڕۆکی ئەم نامەیە بخاتەڕوو کە چەند کاتژمێرێک پێشتر بڵاوکرایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار